×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار: بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان قابیلی قبوڵ نییە

2020-10-17
كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق
فۆتۆ: Google
ئێستا - عێراق
ئێستا
سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لەبارەی پەلاماردانی بارەگای پارتی لە بەغداد و سوتاندنی ئاڵای كوردستان ڕایگەیاند، "بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، که‌ خاوەن ڕەمزیه‌ت و پێگەی مێژووییه‌، قابیلی قبوڵ نییە".

وته‌بێژێک به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عێراقه‌وه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا په‌لاماردانی باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ به‌غداد ئیدانه‌ كرد و ڕایگه‌یاند، سوتاندنی باره‌گا و شوێنه‌ گشتییه‌كان ناچێته‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات، به‌ڵكو ئاشته‌وایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

هاوکات جه‌ختیش ده‌کاته‌وه‌ که‌ "بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، که‌ خاوەن ڕەمزیه‌ت و پێگەی مێژووییه‌، قابیلی قبوڵ نییە".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق كراوه‌ كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی خێرا ده‌ست پێ بكرێت و ئه‌وانه‌ی كه‌مته‌رخه‌من سزا بدرێن، له‌هه‌مان كاتیشدا داوا له ‌هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌كات دان به‌خۆیاندا بگرن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌كان بۆ ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه‌ چڕ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئاسایش و ئابوری وڵات، ئه‌مڕۆ بینیمان له‌لایه‌ن گروپێكی له ‌یاسا ده‌رچوو و به‌ده‌ر له ڕێكاری ئاشتیخوازانه‌ی ئازادی ڕاده‌ربڕین و پاراستنی شکۆی ده‌وڵه‌ت، هێرشكرایه‌ سه‌ر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غداد".

سەرۆكایەتیی كۆمار ڕاشیگەیاندووە، "هاریكاری و یه‌كڕیزی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دیکە سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر تیرۆر به‌ده‌ست هێنا، بۆیه‌ رێگه‌پێدراو نییه‌ ئه‌و قوربانییانه‌ تێكه‌ڵ به‌شتی لاوه‌كی و هه‌ڵچوون و ئاژاوه‌گێری بكرێن كه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ به‌ سوتاندنی ئاڵای كوردستان گوزارشتیان لێكرد".

"ئێمه‌ له‌سۆنگه‌ی هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕمان له‌ پشتیوانیكردنی ئازادی ڕاده‌ربڕین به‌شێوه‌ی ئاشتییانه‌، ئه‌و كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێریه‌ ئیدانه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س نییه‌ و ئارامی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه"، وتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی كۆمار وا دەڵێت.

جەختیشی كردووەتەوە كه‌ "لێكۆڵینه‌وه‌ی خێرا له‌و په‌لاماردانه‌ بكرێت و سزای ئه‌نجامده‌رانی بدرێت، به‌تایبه‌تی كه‌ حه‌شدی شه‌عبی بێ به‌ریبوونی خۆی له‌ سوتاندنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ڕاگه‌یاند، به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ وه‌ستایه‌وه‌ كه‌ بێ په‌روا ویستیان یه‌كڕیزی نیشتمانی تێك بده‌ن، هاوکات هه‌موو لێدوانێکیش ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌زگا فەرمییەکان و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌که‌دار بکات".



‌ئێستا