×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

هاوپەیمانییەكەی عەبادی لەبارەی سوتاندنی بارەگای پارتی ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە

2020-10-17
هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران لە بەردەم بارەگای پارتی لە بەغداد
فۆتۆ: Google
ئێستا - عێراق
ئێستا
هاوپەیمانی نەسر سەركۆنەی هەر هێرشێك بۆ سەر بارەگا حزبی و گشتییەكان دەكات و داوای یەكڕیزیی نیشتمانی دەكات، پارتیش هۆشداری دەدات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا، هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق ڕایگەیاندووە، بە هەموو جۆرێك دەستدرێژی بۆ سەر بارەگا و ماڵ و موڵكە گشتییەكان ڕەت دەكاتەوە بەتایبەت لە بەغدادی پایتەخت، ڕەتیشی دەكاتەوە پەنا بۆ سوتاندنی ئاڵا ببرێت، داوا لە حكومەتی عێراقیش دەكات، پارێزگاری لە ئاسایش و باڵادەستی دەوڵەت بكات.

نەسر ئاماژەی بەوەشكردووە، "پێشمەرگە و حەشدی شەعبی شانبەشانی یەكتر دژ بە تیرۆریستان جەنگاون، بۆیە دروستكردنی دوژمنایەتی لەنێوانیاندا حەكیمانە نییە".


مەكتەبی سیاسیی پارتی هۆشدار دەدات

لەلایەكی دیكەوە، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر هەمان پرس ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەكەم ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردووەتەوە و هۆشداری دەدات.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا پارتی دەڵێت، "سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، ڕێكه‌وتی 17ی ئۆكتۆبه‌ری 2020، به‌شێكی سه‌رلێشێواو و سه‌رگه‌ردان له‌ میلیشیاكان، كه‌ دوورن له‌ پرنسیپه‌ نیشتمانییه‌كان و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی، دژ به‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادی، هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی (5)ی پارتیمان و به‌ شێوه‌یه‌كی دوور له‌ به‌های نیشتمانی و پێكه‌وه‌ژیان، باره‌گاكه‌ و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیشیان سوتاند".

مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەشكردووە، "له‌ كاتێكدا به‌توندترین شێوه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ نا به‌رپرسانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌رامبه‌ر باره‌گایه‌ك كراوه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌ركی‌ ئه‌نجامدانی چالاكی سیاسییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا، له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداری ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ (ربع الله‌) و هاوكاره‌كانیان، كرده‌وه‌كانیان دوور و نزیك په‌یوه‌ندیان به‌ ئیسلامه‌وه‌ نییه‌ و ناوی ئیسلام ته‌نیا بۆ په‌رده‌پۆشكردنی تاوانه‌كانیان به‌كاردێنن".

"به‌م ڕه‌فتارانه‌یان ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌خه‌نه‌ بارودۆخێكی مه‌ترسیدار و هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی و حوكمڕانیش به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌به‌ن"، پارتی وا دەڵێت.

ئاماژەشیان بەوەكردووە، "ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌م كرده‌وه‌ ناشارستانییه‌، داوا له‌ حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین، له‌ زوترین كاتدا ئیجرائاتی یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانی بگرێته‌ به‌ر، كه‌ گروپێكی ناسراون و ڕاگه‌یاندراویان سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كه‌یان بڵاوكردووەته‌وه‌، هه‌روه‌ها نیگه‌رانی و دڵگرانی خۆشمان ده‌رده‌بڕین له كه‌مته‌رخه‌می ئه‌و هێزانه‌ی پاراستنی باره‌گه‌كه‌یان پێسپێردرابوو كه‌ به‌داخه‌وه‌ وه‌كو پێویست به‌ ئه‌ركهی سه‌رشانی خۆیان هه‌ڵنه‌ستان و هیچ رێگرییه‌كیان له‌ گێره‌شێوێنان نه‌كرد".



‌ئێستا