تەندروستیی جیهانی تیمێک دەنێرێتە چین بۆ لێکۆڵینەوە لە بنچینەی کۆرۆنا

29/06/2020
لۆگۆ و بارەگای سەرەکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی
فۆتۆ: ڕۆیتەرز
ئێستا - ڕۆیتەرز
ئێستا
رێکخرای تەندروستیی جیهانی ئاشکرای دەکات کە تیمێکی لێکۆڵینەوە دەنێرنە چین بۆ گەیشتن بە بنچینەکانی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین.

تێدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی حوزەیران ئاشکرایکرد کە ڕێکخراوەکەی هەفتەی داهاتوو تیمێک دەنێرێت بۆ چین، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنێتیی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەو وڵاتە.

پێشووتر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆرترین ڕەخنەی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هەبوو سەبارەت بە مامەڵەکردنی ڕێکخراوەکە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و هەڕەشەی کشانەوەی کردبوو لەو ڕێکخراوەی سەر بە یو ئێن، داوایشیکردبوو ئەو ڕێکخراوە لێکۆڵینەوە بکات لە بنەچەی پەیدابوونی ڤایرۆسەکە.

هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتبوویان ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەدا دروستکرابێت، بەڵام لەم بارەیەوە بەڵگەیان نەخستبووەڕوو، چینیش بە توندی ئەوەی ڕەتکردبووەوە.