لە هەرێمی کوردستان ١٤ حاڵەتی مــــــــردن و ٢٣٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکران

29/06/2020
تیمە پزیشکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان
فۆتۆ: پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گیان لەدەستدانی ١٤ کەس و تۆمارکردنی ٢٣٢ حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە سنووری هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی نوێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دووشەممە ٢٩ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە و دێسکی تەندروستیی (تۆڕی میدیایی ئێستا) بەدواداچوونی بۆ کردووە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٤ حاڵەتی گیان لەدەستدان و ٢٣٢ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا وردەکاریی دابەشبوونی حاڵەتەکان بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕوونکراونەتەوە، بەمشێوەیەی خوارەوە:

- پارێزگای هەولێر حاڵەتێکی گیانلەدەستدان و ٨٥ حاڵەتی تووشبوون

- پارێزگای سلێمانی ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان و ١٣٢ حاڵەتی تووشبوون

- پارێزگای دهۆک شەش حاڵەتی تووشبوون

- پارێزگای هەڵەبجە حاڵەتێکی گیانلەدەستدان و ١٤ حاڵەتی تووشبوون

لە هەمان ڕاگەیەنراودا ئاماژە بە چاکبوونەوەی ٩٢ کەس کراوە، کە ٦٣ یان لە هەولێر، ١٩یان لە گەرمیان، چواریان لە هەڵەبجە و شەشیان لە دهۆک بوون.

وەکوو ئاماری گشتیش ئاماژە بەوە کراوە کە کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان ٥٩٠٤ تووشبوو، لەنێویاندا ٢٠٠ مردن هەیە و ١٧٦٧ نەخۆش چاکبوونەتەوە، و ئێستا ٣٩٣٧ نەخۆش لەژێر چاودێری پزیشکی دان.

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردووەوە نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە و دواتر بە وڵاتانی دیکەشدا بڵاوبووەوە و لە ١١ی ئاداری ئەمساڵدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وەکوو پەتایەکی جیهانیی ناساندی، لە مانگی شوباتەوە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە عێراق و سەرەتای مانگی ئاداریش گەیشتە هەرێمی کوردستان.