لە عێراق 1749 تووشبوون و 1852 چاکبوونەوەی کۆرۆنا تۆمارکران

29/06/2020
تیمە پزیشکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق
فۆتۆ: پەیجی فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایدەکات 1749 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون لە 18 پارێزگای عێراقەوە و هەر لە 24 کاتژمێری ڕابردوو 83 حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە دووشەممە 29 ی حوزەیران بڵاوکراوەتەوە و دێسکی تەندروستیی (تۆڕی میدیایی ئێستا) بەدواداچوونی بۆ کردووە، پاش پشکنینی 11172 حاڵەتی گوماناوی لە سەرتاسەری عێراقەوە، 1749 حاڵەتی نوێی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون، لەگەڵ چاکبوونەوەی 1852 کەسی تووشبوو، کە بۆ یەکەمجارە ژمارەی چاکەوەبوو لە تووشبوو زیاتربێت لە عێراقدا.

لەناو حاڵەتە نوێیەکاندا 427 یان لە بەغدا تۆمارکراون.

لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەپێی داتای 24 کاتژمێری ڕابردووی عێراق، ژمارەی حاڵەتەکان بەمجۆرە بوون: سلێمانی 95 حاڵەت، هەولێر 40 حاڵەت، دهۆک چوار حاڵەت و ژمارەی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی کەرکووکیش لە 24 کاتژمێردا 50 حاڵەت بووە.

وەزارەتەکە دەڵێت ڕۆژی ڕابردوو 83 حاڵەتی مردن بە کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون کە 33 یان لە بەغدا، چوار حاڵەت لە سلێمانی، دوو حاڵەت لە هەولێر، سێ حاڵەت لە کەرکووک و ئەوانی دیکە لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە بوون.

وەکوو ئاماری گشتیش ئاماژە بەوە کراوە کە 47151 حاڵەت بەپێی پشکنینی سامپڵەکان لە تاقیگەی ناوەندیی بەغدا وەکوو تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکراون و ژمارەی مردووانیش 1839 کەسە و 22974 کەسیش چاکبوونەتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ ڕێوشوێنی پێویست هەم بۆ تووشبووەکان و هەم بۆ ئەوانەی تێکەڵییان لەگەڵیان هەبووە گیراوەتەبەر بەپێی ڕێنماییە تەندروستییە جیهانییەکان.

لە مانگی دیسەمبەری ساڵی ڕابردووەوە نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین بڵاوبووەتەوە و دواتر بە ولاتانی دیکەشدا بڵاوبووەوە و لە 11ی ئاداری ئەمساڵدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی وەکوو پەتایەکی جیهانیی ناساندی، لە مانگی شوباتەوە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە عێراق و سەرەتای مانگی ئاداریش گەیشتە هەرێمی کوردستان.