ڕوسیا پێكوتەی دژەكۆرۆنا دەدات بە هاوڵاتییەكانی

16/10/2020
زانایەكی ڕوسیا تاقیكردنەوە لەسەر پێكوتەكە دەكات
فۆتۆ: google
ئێستا - جیهان
ئێستا
وەزیری تەندروستیی ڕوسیا ئاشكرایكرد، مانگی داهاتوو پێكوتە (ڤاكسین)ی دژەكۆرۆنا دەدەن بە هاوڵاتییانیان.

ئەمڕۆ هەینیی 16ی تشرینی یەكەم، میخائیل موراشكۆ، وەزیری تەندروستیی ڕوسیا ڕایگەیاند، "دروستكەرانی پێكوتەی دژەكۆرۆنا لە ڕوسیا، جەختیانكردووەتەوە كە مانگی داهاتوو دەستدەكەن بە بەرهەمهێنانی ئەو پێكوتەیە بە ژمارەیەكی زۆر."

وتیشی، "چاوەڕواندەكرێت لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا، دەستبكەین بە پێدانی ئەو پێكوتەیە بە هاوڵاتییانمان."

ئەمڕۆ هەینیی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ڕوسیا زیادیكرد و 15 هەزار و 150 كەس تەنها ئەمڕۆ تووشی پەتاكە بوون. كۆی گشتیی تووشبوانیش تا ئێستا گەیشتووەتە ملیۆنێك و 369 هەزار و 313 كەس.

ڕۆژی چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا دروستكردنی دووەم پێكوتەی دژەكۆرۆنا-ی لەلایەن وڵاتەكەیەوە ڕاگەیاند.

هەمان ڕۆژ تاتیانا گۆلیكوڤا، جێگری سەرۆكوەزیرانی ڕوسیا بۆ كاروباری تەندروستی وتی، "پێكوتەكە لە ئاستێكی بەرزی بێزیانییدایە. قۆناغی پێش كۆتایی تاقیكردنەوەكانی بە سەركەوتووەیی تێپەڕاندووە و ئێستا دەخرێتە قۆناغی كۆتاییەوە و لەسەر 40 هەزار خۆبەخش تاقیدەكرێتەوە."

مانگی ئابی ڕابردوو، وەزارەتی تەندروستیی ڕوسیا، دروستكردنی یەكەم پێكوتەی دژەكۆرۆنا بە ناوی "سپوتنیك"ی ڕاگەیاند، كە بە هاوبەشی لەلایەن ناوەندی گامالی بۆ توێژینەوەكانی پەتا و زیندەوەرە وردەكان و سندوقی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا-وە دروستكراوە.

لە كۆتایی مانگی ئەیلول دا حكومەتی ڕوسیا وتی، "قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكان لەسەر پێكوتەكە ئەنجامدەدەین و لەسەر توشبووان تاقیدەكەینەوە"، بەڵام ناوەندە زانستییەكان گومانیان لە سەركەوتوویی پێكوتەكە هەبوو، چونكە دەیانگوت "هێشتا نەگەیشتووەتە دواقۆناغی تاقیكردنەوەكان."