نزیكەی هەزار حاڵەتی نوێی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆماركرا

15/10/2020
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، لە هەرێمی كوردستان 974 توشبووی نوێ بە كۆرۆنا تۆمار كراون، هەروەها 28 كەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی پەتای كۆرۆنا ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، "لەو ماوەیەدا 974 توشبووی نوێ بە كۆرۆنا تۆمار كراون، زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بوون كە 322 كەس توشبوون، كەمترین ڕێژەی توشبوونیش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كراوە كە 25 كەسن".

لەبارەی مردن بە كۆرۆنا تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكردووە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 28 توشبووی كۆرۆنا لە هەرێم گیانیان لەدەستداوە، 10 توشبوو لە هەولێر، 6 كەس لە سلێمانی، 9 كەس لە پارێزگای دهۆك و لە پارێزگای هەلەبجەش 3 كەس".

ژمارەی ئەو كەسانەشی لەو ماوەیەدا چاكبوونەتەوە بریتییە لە 376 كەس.

كۆی گشتیی ئەو كەسانەشی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 2 هەزار و 88 كەس، كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بوون كە هەزار و 46 كەس گیانیان لەدەستداوە.