ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی توشبوون و مردن بە كۆرۆنا

16/09/2020
فۆتۆ: سەرتیپ عوسمان
ئێستا - هەرێمی کوردستان
ئێستا
لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، لە هەرێمی كوردستان 754 توشبوی نوێ بە كۆرۆنا تۆمار كراون، هەروەها 26 كەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا لەبارەی ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی پەتای كۆرۆنادا ڕایگەیاندووە، "لەو ماوەیەدا 754 توشبوی نوێ بە كۆرۆنا تۆمار كراون، زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بوون كە 306 كەس توشبوون، كەمترین ڕێژەی توشبوونیش لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كراوە كە 20 كەسن".

لەبارەی مردن بە كۆرۆنا تەندروستیی هەرێم ئاشكرایكردووە، لەماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 26 توشبوی كۆرۆنا لە هەرێم مردوون، 4 توشبوو لە هەولێر، 8 كەس لە سلێمانی، 13 كەس لە پارێزگای دهۆك و یەك كەس لە ئیدارەی ڕاپەڕین".

ژمارەی ئەو كەسانەشی لەو ماوەیەدا چاكبوونەتەوە بریتییە لە 495 كەس.

كۆی گشتیی ئەو كەسانەی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە، هەزار و 417 كەس، كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بوون كە 748 كەس گیانیان لەدەستداوە.