لە جیهاندا 366 ڕۆژنامەنووس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

15/09/2020
دوو ڕۆژنامەنووس پابەندن بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی
فۆتۆ: Google
ئێستا - جیهان
ئێستا
ڕێکخراوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی Press Emblem Campaign کە ناوەندەکەی لە شاری جنێڤ-ی سویسرایە، بڵاوی کردەوە کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تا ئێستا لانیکەم 366 ڕۆژنامەنووس بەهۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە میانی دانیشتنەکانی خولی 45ەمینی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوێنێ لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ دەستی پێکرد، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە PEC، بلایسی لیمپین گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە لە میانی ڕۆژانی ڕابردوودا، گیانلەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان بە کۆرۆنا ڕووی لە هەڵکشانکردووە، بەتایبەتی لە هیندستان.

بلایسی لیمپین بانگەوازی ئاڕاستەی 47 ئەندامەکەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کرد و داوای کرد بڕیار دەربکەن لە پێناو پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە قەیرانی تەندروستیی جیهانیی.

بەپێی زانیارییەکانی PEC لە 47 وڵاتی جیهاندا، لانیکەم 366 رۆژنامەنوس لە مانگی ئازارەوە تاوەکو ئێستا بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە لە یەکی تەمووزەوە تا سەرەتای ئەیلول، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە دوو هێندە زیادی کردووە.

هاوکات PEC ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لەسەرانسەری جیهاندا لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ئێستا، 54 Rۆژنامەنوس بەهۆکاری جۆراوجۆر کوژراون، بەو شێوەیەش ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ئەمساڵدا، گیانیان لەدەستداوە و کوژراون 400 ڕۆژنامەنووسی تێپەڕاندووە.