نیشانەی پێشوەختەی شێرپەنجەی خوێن ئاشكراكرا

14/09/2020
شێرپەنجەی خوێن
فۆتۆ: Google
ئێستا - ئاژانسەکان
ئێستا
پرۆفیسۆر ڕومان تیمنیكۆڤ، ئەندامی كۆمەڵەی ڕوسیا بۆ گرێ شێرپەنجەییەكان، نیشانە پێشوەختە و سەرەتاییەكانی شێرپەنجەی خوێنی ئاشكراكرد.

ئەو پسپۆڕە ڕوسییە ئامۆژگاریی خەڵك دەكات هەركات هەستیان بە سەرێشە و گێژبوون و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و تا و ماندووبوون و لاوازی و دابەزینی لەناكاوی كێش كرد، پشكنینی پێویست بكەن.

تیمنیكۆڤ ڕوونیكردووەتەوە، دەكرێت چەند نیشانەیەك لە قۆناغەكانی سەرەتای نەخۆشییەكەدا دەربكەون، لەوانە ناڕێكیی لێدانی دڵ و دەركەوتنی پەڵەی شین لەسەر لەش و درەنگ گیرسانەوەی برین و شینبوونەوەی لێوەكان و نینۆكەكان، هەروەها بوورانەوە و گرژبوونی ماسوولكە و دەركەوتنی پەڵەی پێست و ئازاری ئێسك و جومگەكان.

پرۆرفیسۆر ڕومان تیمنیكۆڤ دەڵێت، "ئاسان نییە شێرپەنجەی خوێن لە قۆناغەكانی سەرەتادا ئاشكرابكرێت، بەڵام وەك ڕێسایەك كاتێك كەسێك تێبینی ئەو نیشانانەی كرد، ئەوا پێویستە پشكنین بكات، یاخود لەكاتی ئەنجامدانی پشكنینی ئاساییدا، دەبێت پزیشك ڕەچاوی گۆڕانكارییەكانی دۆخی تەندروستیی كەسەكە بكات."