نەخۆشخانەی ڕزگاری: لایەنێکی سیاسی بوتڵی ئۆکسجینی هێناوە لەکاتێکدا بڕی پێویست و یەدەگی ئۆکسجینمان هەیە!

01/08/2020
فۆتۆ: پەیجی نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر ڕەتیدەکاتەوە شەوی رابردوو گرفتی ئۆکسجینیان هەبووبێت و دەڵێت ئێستاش بڕی پێویست و تەنانەت یەدەگیشیان هەیە.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا، کە شەممە یەکی ئاب بڵاوکراوەتەوە و دیسکی تەندروستیی (تۆڕی میدیایی ئێستا) بەدواداچوونی بۆ کردووە، نەخۆشخانەی ڕزگاری دەڵێت ئەو هەواڵانە هیچ بنەمایەکیان نەبووە کە باسیان لەوە کردووە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ئۆکسجین نەماوە!

نەخۆشخانەکە دەڵێت ئەمڕۆش لایەنێکی سیاسی چەند بوتڵێکی ئۆکسجینی هێناوەتە ناو نەخۆشخانە، لە کاتێکدا بڕی پێویست و تەنانەت یەدەگی ئۆکسجینیش بەردەستە.

نەخۆشخانەکە نیگەرانە لەو "چەواشە و دڵەراوکێیانەی کە لە سۆشیاڵمیدیا و دەزگاکانى راگەیاندن بلاودەکرێنەوە" و داوادەکات لێیانبگەڕێن خزمەتگوزاریی چارەسەر بە ڕێگای ڕاست و زانستیی خۆیدا بڕوات.

ئەمەش دەقی ڕوونکردنەوەکەیە:

ڕاگەیەندراوێک لە نەخۆشخانەى رزگارى


بۆ هاولاتییانى خۆشەویست و ڕاى گشتى رووندەکەینەوە کەوا دوێنێ شەو وا پشاندرا گوایە ئۆکسجین نەماوە هەرچەندە ڕامانگەیاند ئەم هەواڵە ئەسل و ئەساسى نییە، هەروەها ئەمرۆ چەند بوتڵێکى ئۆکسجین بەناوى لایەنێکى سیاسى هێنرابووە نەخۆشخانە کە هەرچەندە لەکاتى ئێستادا بڕى تەواو هەیە بەیەدەگەوە.
لێرەدا جارێکى تر ڕایدەگەیەنین کەهیچ کێشەیەکى ئۆکسجین لە نەخۆشخانەکەمان نىیە.
بەداخەوە بۆ ئەوچەواشەو دڵەراوکێیانە، کە لەسۆشیالمیدیا و دەزگاکانى راگەیاندن بلاودەکرێتەوە، لە هەمان کات هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە کە بەردەوامین لە خزمەتکردنى نەخۆشان و داوادەکەین لێبگەرێن خزمەتگوزارى چارسەرى بەرێگاى ڕاست و زانستى خۆیدا بروات