زانیارییە پێویستەکان لەسەر چاندنی ددان

01/08/2020
ددانی چێنراو ڕيگی دەستکردی هەیە
فۆتۆ: گووگڵ
دێسکی تەندروستی - ئێستا
ئێستا
‎بۆ ماوەی چەندین ساڵ تاکە چارەسەری بەردەست بۆ ئەو کەسانەی ددانیان لە دەست دەدا بریتیبوو لە تاقمی ددان و پردی ددان، بەڵام ئێستا چاندنی ددانیش بژاردەیەکی گرنگە.

چاندنی ددان چییە؟

‎چاندنی ددان یەکێکە لە باشترین چارەسەرەکان بۆ جێگرتنەوەی ددانە لەدەستچووەکان.

‎چاندنی ددان پێکدێت لە ڕەگێکی ددانی دەستکرد کە جێگیر دەکرێت لەناو ئێسکی شەویلگە و بناغەیەکی پتەوی هەمیشەیی دابین دەکات بۆ ئەو ددانە دەستکردانەی کە لەسەری دادەنرێن.
‎چاندنی ددان جیاوازە لە جۆرەکانی دیکەی جێگرەوەی ددان، چونکە نەک بە تەنها ددانەکان بەڵکو جێی ڕەگی ددانەکانیش دەگرێتەوە.

‎کەی چاندنی ددان پێویستە؟

‎چاندنی ددان پێویستە کاتێک ددانێک یاخود چەند ددانێکت لە دەستداوە و ناتەوێت پرد، کیف، یاخود تاقمی ددان بکەیت.
‎گرنگە کاتێک ددانێک لەدەستدەدەین بەزوویی جێگەی بگرینەوە، چونکە لەوانەیە کێشەی زۆر گەورەمان بۆ دروست ببێت لەگەل تێپەڕبوونی کات.

‎سوودەکانی چاندنی ددان چییە؟

‎چاندنەوەی ددانەکان دەکرێت زۆر سوودی هەبێت، وەكو:
‎- شێوەیەکی جوانتر: ددانی چێندراو هەمان شێوەی ددانە راستەقینەکانی هەیە، لەبەرئەوەی بەشێوەیەک دروستکراون کە لەگەڵ ئێسک یەکبگرن، بۆ هەمیشە دەمێننەوە.

‎- ئاسوودەییەکی زیاتر: لەبەرئەوەی دەبن بە بەشێک لە تۆ، ددانە چێندراوەکان رزگارت دەکەن لە نائاسوودەیی تاقم و پردی ددانی جوڵاو.

‎-خواردن بەشێوەیەکی ئاسانتر: جوینی خواردن لەگەڵ تاقمی ددان دەکرێت کارێکی گران بێت، بەڵام ددانی چێندراو وەکو ددانەکانی خۆت کاردەکەن، یارمەتیت دەدەن ئەو خواردنانە بخۆی کە خۆت پێتخۆشە بەئاسوودەیی و بەبێ هیچ ئازارێک.

‎- مانەوەیەکی زیاتر: چاندنی ددان دەکرێت بۆ چەندین ساڵ بمێنێتەوە، بە پاکڕاگرتن و گرنگی پێدانێکی باش زۆربەی ددانە چێندراوەكان بۆ هەمیشە دەمێننەوە.

‎کێ دەتوانێت چاندنی ددان بکات؟

‎بەشێوەیەکی گشتی هەرکەسێک ئەوەندە تەندروست بێت کە بتوانرێت ددان هەڵکێشان یاخود نەشتەرگەریەکی ڕۆتینی ناودەمی بۆ بکرێت، ئەوا دەتوانێت چاندنی ددان بکات.
‎پێویستە کەسی چارەخواز پوکێکی تەندروست و بەشی پێویست ئێسکی شەویلگەی مابێت بۆ ئەوەی چاندنەکە ڕابگرێت، هەروەها پێویستە پابەندبن بە راگرتنی تەندروستیەکی باشی ناودەم و سەردانی پزیشکی بەردەوام.

‎کەسانی جگەرەکێش و ئەوانەی نەخۆشیە درێژخایەنەکانی وەک شەکرە و نەخۆشیەکانی دڵیان هەیە، دەبێت لەلایەن پزیشکەوە ببینرێن و پشکنینی زیاتریان بۆ بکرێ، بۆ دڵنیابوونەوە کە ئایا چاندنی ددانیان بۆ دەکرێت یاخود نا.

‎ئەگەر پێتوایە چاندنی ددان گونجاوە بۆ تۆ ئەوە سەردانی پزیشکی ددانەکەت بکەو دڵنیابەوە، پزیشکەکەت دەتوانێ یارمەتیت بدات کە ئایا پێویستت بە چاندنی ددان هەیە یان نا، هەروەها دەتوانێ یارمەتیدەرت بێ لە دیاریکردنی باشترین جۆری چارەسەر بە پێی بارودۆخەکەت.