ڕزگاركەری ئابوریی جیهان.. ترەمپ یان بایدن؟

لە ئەگەری دەرچوونی كاندیدەكەی دیموكراتەكان و ڕادەستكردنی كابینەی حكومڕانیی ئەمریكا بۆ دەستی بایدن و هاریسی جێگری، چاوەڕوان دەكرێت دۆخی ئابوری جیهان و پەیوەندییە ئابورییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتان بگەڕێتەوە سەردەمی ئۆباما.

چونكە شارەزایان كابینەی بایدن دەشوبهێنن بە حكومڕانیی ئۆباما لە ئەمریكا، هەرچەندە لە دروشمەكاندا بایدن جیاوازتر دەردەكەوێت.

چارەنوسی كەرتی وزەی ئەمریكا بەرەو كوێ؟
كه‌رتی وزه‌ی ئه‌مریكا كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌مان كه‌رتی جیهان هه‌یه‌، شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن تێكچونی شیرازه‌ی ئابوریی ئه‌مریكا یه‌كسانه‌ به‌ هه‌مان ڕه‌وشی جیهان.

دان دوێڵ، لە پێگەی ئۆیڵ پرایس نوسیویەتی، كاتێك سەرۆك ترەمپ هەڵبژاردنی ساڵی 2016ی بردەوە، بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سروشتیی ئەمریكا دەستی پێكردەوە پاش ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕوو لە داڕمان بوو، “لەكاتێكدا بەهای نەوت و گاز لە ئەنجامی سەركەوتنی ترەمپ بەرزنەبووەوە بەڵام متمانەی كار بەرزبووەوە”.

“لە ئەگەری بردنەوەی بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا، ئەزمونی خۆم ئەوەم پێدەڵێت، كەرتی نەوت و گازی ئەمریكا پێچەوانە دەبێتەوە و زەبری گەورەی بەر دەكەوێت هاوشێوەی سەردەمی ئۆباما، ئەوەش كاریگەری لەسەر جیهان دەبێت”، دان دوێڵ وای نوسیووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌گه‌ر جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراته‌كان ببێت به‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، چاككردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهان كاری له‌پێشینه‌ی نییه‌، چونكه‌ خۆی پێشتر وتی، ده‌ست بۆ هیچ ڕێككه‌وتنێكی ئابوری نابات تا وه‌به‌رهێنانی وڵاته‌كه‌ی به‌رز نه‌كاته‌وه‌.

هیچ ئومێدێك نییە بایدن پەیوەندییە ئابورییەكانی ئەمریكا لەگەڵ وڵاتان چاك بكاتەوە
له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ فۆرین پۆلیسی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئێدوارد ئاڵدن، نوسه‌ر ڕایگه‌یاندووه‌، “ناكرێت هیوا هه‌ڵچنین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بایدن هه‌ستێت به‌ واژووكردنی ڕێككه‌وتنی نوێ له‌ ئاسیا یان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا، یان له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێك له‌ جیهان له‌ كاتێكی نزیكدا”.

“به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانین چوار ساڵ له‌ باجی گومرگی و سزای ئابوری كه‌ تره‌مپ به‌سه‌ر لایه‌ك له‌ جیهانی سه‌پاند، ئه‌ركی بایدنه‌ كه‌ هه‌ستێت به‌ چاككردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ جیهاندا”، وه‌ك نوسه‌ره‌كه‌ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی فۆرین پۆلیسی وتویه‌تی.

ئێدوارد ئاڵدن نه‌شیشاردووه‌ته‌وه‌، هه‌نگاوه‌كه‌ی ئۆباما به‌ كرانه‌وه‌ی به‌ڕووی ئابوریی ئاسیا، له‌لایه‌ن دیموكراته‌كان به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌ژمار ده‌كرێت و نایانه‌وێت بایدن دووباره‌ی بكاته‌وه‌.

بایدن له‌ زاری خۆیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ئاشكرا وتووه‌، پلانی هەیە “به‌رهه‌مه‌ ئه‌مریكییه‌كان بكڕه‌” بخاته‌ گه‌ڕ، كە پلانەكەی بایدن وەك ئەوەی ئاشكراكراوە ورد دەبێتەوە لە ژێرخان و تەكنەلۆژیای وزەی خاوێن كە لەلایەن ئەمریكاوە بەرهەم بهێندرێت، بودجەی 400 ملیار دۆلاری بۆ پێشبینی كراوە، بەڵام وتەیەكی بایدن ڕەنگە وابكات ئەوروپی و ئاسیاییەكان كێبڕكێی سەخت نەكەن بۆ دەستخستنی بەرهەمەكانی ئەمریكا كە وتی، “هیچ شتێك ناكڕین بەرهەمی ئەمریكا نەبێت”.

هەرچەندە ترەمپ پەیوەندییە ئابورییەكانی لەگەڵ چین ئاڵۆز كردووە و لە بانگەشەكانیشی بایدن تۆمەتبار دەكات بەوەی لەگەڵ چین مامەڵەكانی ئاسان دەبن، لای خۆیەوە بایدن وا دەرناكەوێت و ڕەخنەی لەو وڵاتە گرت كە “هێرش دەكاتە سەر داهێنانەكانی ئەمریكا”.

كابینەی نوێ دەبێت چارەسەرێك بدۆزێتەوە
ترەمپ شەڕێكی گومرگی لەگەڵ بەشێكی ئەوروپا و چین دەستپێكردووە، شارەزایان و ئابوریناسان باس لەوە دەكەن، كابینەی نوێ دەبێت چارەسەرێكی بۆ بدۆزێتەوە.

ئه‌و وڵاته‌ی له‌ بانگه‌شه‌كانی هه‌ردوو كاندید به‌رده‌وام ناوی دێت ته‌نها ئێران نییه‌، به‌ڵكو چین و ڕوسیاش دوو وڵاتن زۆرترین قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كراوه‌، سیاسه‌تی تره‌مپ به‌رامبه‌ر به‌و وڵاتانه‌ جیاوازتر ده‌ردەكه‌وێت له‌ سه‌رۆكه‌كانی پێشوو، به‌ڵام بایدن ده‌ڵێت، “ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تره‌مپ ژیرانه‌ نییه”‌.

له‌ وتارێكی پشتیوانی له‌ تره‌مپ كه‌ پێگه‌ی برێتبارت بڵاویكردبووه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ كرابوو، “پێدەچێت چین به‌ باشی بزانێت بایدن بباته‌وه‌”، تره‌مپیش له‌ وه‌ڵامدا نوسیویه‌تی، “به‌ دڵنیاییه‌وه‌ چین ئه‌وه‌ی ده‌وێت، چونكه‌ من چه‌ندین ملیار دۆلارم له‌ چین وه‌رگرت بۆ جوتیاران و خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، به‌ڵام بایدن بباته‌وه‌ چین ده‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌مریكا”.

له‌ وتاره‌كانی ئه‌مدواییانه‌یدا بایدن هۆشداری دا له‌وه‌ی ڕوسیا به‌رده‌وام بێت له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری ئه‌مریكا “باجێكی قورس ده‌دات”.

كه‌ ته‌ماشای ئه‌و ململانێ سه‌خته‌ی نێوان هه‌ردووه كاندید ده‌كه‌یت له‌ بابه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ناتوانیت خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بكه‌یت له‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌ركامیان چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵ جیهان، له‌كاتێكدا هه‌ردوو كاندیده‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ دروشمی ئه‌مریكایه‌كی به‌هێزیان هه‌ڵگرتووه‌، وه‌ك به‌شێكی شاره‌زایانی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ جیهان باسیان لێوه‌ كردووه‌.

بابەتی پێشتر

مه‌سرور بارزانی: ئاشتی و ئاسایشی هه‌رێم ئه‌ركی له‌ پێشینه‌مانه‌

بابەتی دواتر

بەشیر حەداد مەرجی دەنگدان لەسەر بازنەكانی كەركوك و موسڵ ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەهۆی ئەوەی ژنێکی دووگیانی هیندی گیانیلەدەستدا وەزیری تەندروستیی پۆرتوگال دەستیلەکارکێشایەوە

وەزیری تەندروستیی پۆرتوگال دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی گەشتیارێکی هیندیی دووگیان تەختی مانەوەی لە نەخۆشخانە نەبووە بۆئەوەی…
Total
0
Share