ڕاوێژكارێكی كازمی پێشبینیدەكات نرخی بەرمیلێك نەوت بگات بە 100 دۆلار، بەڵام لەبری قازانج زیانی ئابوری لێبكەوێتەوە.
مزهر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابوری و دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، پێشبیندەكرێت نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 100 دۆلار بەرزببێتەوە.
وتیشی، “ئەو بەرزبوونەوەیە گەشبینانە نییە، چونكە دەبێتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی وزە لە جیهاندا و بەوەش هەڵئاوسان ڕوودەدات”.
ڕاوێژەكارەكەی كازمی ڕوونیدەكاتەوە كە هەڵئاوسان بەرزبوونەوەی نرخی شمەك و كاڵا بەدوای خۆیدا دەهێنێت و گرانبوونی نرخی خۆراكی لێدەكەوێتەوە.
لێدوانەكەی ئەو شارەزا ئابورییە لەكاتێكدایە ماوەی چەند ڕۆژێكە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بۆ نزیكەی 80 دۆلار بەرزبووەتەوە.
هاوكاتی ئەو بەرزبوونەوەیە، لە بەریتانیا قەیرانی سووتەمەنی سەریهەڵداوە و جۆرە سەرەكییەكانی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین، بەبڕێكی زۆر كەمتر لە خواست و پێویستیی خەڵك دەخرێنەڕوو.