موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، جارێكی تر هەڕەشە لەوانە دەكات كە بەشداربوون لە كۆنگرەكەی هەولێر تایبەت بە داواكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل.
سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “هێشتا چاوەڕوانین یاداشتی دەستگیركردن دەرهەق بە هەندێك لە بەشداربووانی كۆنگرەی بەدناوی ئاساییكردنەوە جێبەجێبكرێت”.
سەدر نووسیویەتی، “دووبارەی دەكەمەوە، لەكاتی دەستگیرنەكردنیاندا، ڕێوشوێنی (نیشتمانی)ی توند دەگرینەبەر لەدژی ئاساییخوازان و كەمتەرخەمان”.
ڕۆژی هەینیی ڕابردوو، كۆنگرەیەك لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو كە سەدان كەسایەتی و سەرۆك هۆزی سوننی و شیعی عێراقی تیایدا بەشداربوون.
بەشداربووانی كۆنگرەكە داوایانكرد پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل ئاساییبكرێتەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە كاردانەوەی توندی لایەنە حكومی و حزبییەكانی عێراقی لێكەوتەوە.
موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی و هاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆكایەتیی هادی عامری، ڕاگەیەندراوی توندیان لەدژی ڕێكخەران و بەشداربووانی كۆنگرەكە بڵاوكردەوە و هەڕەشەیان كرد ئەگەر ڕێكخەران و سەرپەرشتیارانی ئەو كۆنگرەیە دەستگیرنەكرێن، ئەوا هەڵوێستیان دەبێت و ڕێوشوێن دەگرنەبەر.