ڕەخنە لە پلەبەرزكردنەوەی هێزەكانی 80 دەگیرێت
لە پەرلەمان كار بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەكرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی بە “كارێكی نایاسایی” و “ستەم” وەسفدەكات، ڕەخنەی لە پلەبەرزكردنەوەی ژمارەیەك ئەفسەری هێزەكانی 80ی پارتی دیموكراتی كوردستانیش هەیە و بە “جیاكاری” ناویدەبات.

عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “پلەبەرزكردنەوە مافێكی یاسایی هەموو كارمەندێكە لە كەرتی مەدەنی یان سەربازیی بێت، لەبەر ئەوە دەبێت ئەو مافە بۆ هەموو كارمەندێك بگەڕێتەوە و ڕاگرتنیشی نایاسایی و نائاساییە”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە هێزەكانی 80ی پارتی پلەی چەند ئەفسەرێك بەرزكرانەوە، ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایی و ڕەخنە، پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ لەو بارەیەوە وتی، “نابێت جیاوازیی بكرێت لە پلە بەرزكردنەوەدا، چونكە ئەمە مافێكی یاساییە و بەیەكسانی بۆ هەموو فەرمانبەرێك لە كەرتەكاندا دەستنیشانكراوە، هەر جیاكارییەكیش كراوە، زوڵمە و پێشێلكاریی یاسایە”.

بۆیە دووپاتیكردەوە، “نابێت ڕاگرتن یان جیاكاریكردن لە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەردەوامبێت، چونكە لە هیچ دۆخێكدا شتی وا نییە حكومەت بتوانێت دەسەڵاتی هەبێت پێشێلكارییەكی زەقی یاسایی بكات”.

پەرلەمانتارەكە ئاشكراشیكرد، پێشنیازە یاساكەیان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە پێشكەشی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە، بە واژووی پێویستی ژمارەی یاسایی، بۆیە چاوەڕوانی دەستەی سەرۆكایەتی دەكەن لە نزیكترین كۆبوونەوەی پەرلەماندا بیخاتە بەرنامەی كارەوە، “تا ببێتە بڕیارێك و حكومەت پابەندبێت بە گیڕانەوەی ئەو مافە”.

لەبارەی پرسیاری ئەوەی حكومەت توانای دارایی هەیە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی پلەبەرزكردنەوە؟ عومەر گوڵپی دەڵێت، “لەڕووی داراییەوە حكومەت توانای دابینكردنی هەیە و لەوە زیاتری بەدەستەوەیە كە مووچەی تەواوەتی بدات و پلەبەرزكردنەوەش دەستپێبكات”.

ئەو پێشی وایە بە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە “حكومەت كەوتووەتە هەڵەیەكی گەورەوە، گرفتی گەورەشی بۆ بەڕێوەبردن و سیستمی ژمێریاری و مووچە دروستكردووە، ئەو هەڵەیەشی كردویەتی ستەمێكە ئەمڕۆ ڕاستبكرێتەوە لە سبەی باشترە”.

بابەتی پێشتر

گرفتەكانی ئاووهەوا و ڕەگەزپەرستی باڵ بەسەر دانیشتنەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەكێشێت

بابەتی دواتر

هەرێمی كوردستان زووتر گەیشتە 20%ی خۆڤاكسینكردن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share