نوری مالیكی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، هیچ لایەن و فراکسیۆنێک بەبێ بەستنی هاوپەیمانێتی ناتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت، پێشبینی ئەوەش دەكات هاوپەیمانێتییەکەی پلەی یەکەمی هەڵبژاردن بەدەستبهێنێت.
مالیكی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا قسەی لەبارەی هەڵبژاردن و حكومەتی داهاتووی عێراق كردووە، لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دەكات هاوپەیمانێتییەکەی زۆرترین دەنگ لە هەڵبژاردنی داهاتوو بەدەستبێنێت، بەڵام پێیوایە “هیچ فراکسیۆنێک بەبێ بەستنی هاوپەیمانێتی ناتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت”.
مالیكی لەبارەی دەنگی سەدرییەكانیشەوە قسەیكردووە و دەڵێت، ئەنجامی هەڵبژاردن بەپێی لێکدانەوەی سەدرییەکان نابێت و دەنگیان بۆ یەك لەسەر چوار دادەبەزێت.
بڕیارە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و 110 حزب و 22 هاوپەیمانی، ڕکابەری بەدەستهێنانی 329 كورسیی پەرلەمانی دەکەن، 24 ملیۆن و 927 ههزار و 29 کەسیش مافی دەنگدانیان هەیە.