كازمی: كەمتەرخەمی ئیداری و سەربازی لە كەركوك هەیە و دەبێت دووبارە نەبنەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرپەرشتی كازمی لەسەر دۆخی ئەمنی پارێزگای كەركوك كۆبووەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ڕەخنەی لە كەمتەرخەمی پارێزگار و فەرماندە سەربازییەكانی شارەكە گرت كە بوونەتە هۆی ئەوەی چەندین پێشێلكاری سەربازیی ڕووبدەن.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەسەرۆكایەتیی مستەفا كازمی فەرماندەی گشتیی هێزەچەكدارەكانی عێراق لەسەر دۆخی كەركوك كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، مستەفا كازمی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی ئاسایشی نیشتمانی كرد و دۆخی پارێزگای كەركوك و هێرشەكانی داعش و ئەو پێشێلكارییە ئەمنیانەی لە پارێزگاكە ڕوویانداوە، بە ئامادەبوونی پارێزگار و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك ئەنجامدا.

لە كۆبوونەوەكەدا كازمی جەختی لەوەكردووەتەوە، كەمتەرخەمی لە ئیدارە و كاری بەرپرسانی سەربازی پارێزگاكە هەیە و پێویستە كار بۆئەوەبكرێت كە ئەو پێشێلكارییە ئەمنیانە دووبارە نەبنەوە لە پارێزگاكە ڕوودەدەن.

هەروەها جەختی لە كاراكردنەوەی ڕۆڵی دەزگا هەواڵگرییەكان و هێزەسەربازییەكانی پارێزگاكەش كردەوە بۆ نەهێشتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا.

لەبەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، مستەفا كازمی جەختی لەوەكردووەتەوە كە پارێزگای كەركوك بەجیاوازییەكانیەوە جوانە، بەڵام هەوڵێك هەیە بۆنانەوەی ئاژاوە كە ئەوەش قبوڵكراونیە.

هەروەها هێزە سەربازییەكانی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ لەناوبردنی پاشماوەكانی داعش.

بابەتی پێشتر

حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی 27 ملیار دۆلاری لەگەڵ تۆتاڵ ئینەرجی واژوو کرد

بابەتی دواتر

وتەبێژی تاڵیبان: ئەمارەتی ئیسلامی ویلایەتی پەنجشیری کۆنترۆڵکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share