بەرهەم ساڵح توند باوەشی بە ماكرۆندا كرد.. بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان عێراق و فەرەنسا دووپاتدەكەنەوە

بەرهەم ساڵح و ئیمانوێل ماكرۆن

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیی لە ئیمانوێل ماكرۆن كرد، دووپاتی بوونی بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان عێراق و فەرەنسا دەكاتەوە.

بەیانیی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە بەغداد، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا كرد، كە بۆ بەشداری لە لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدادە.

بەرهەم ساڵح بێ گوێدانە ڕێكارە تەندروستییەكان، توند باوەشی كرد بە ماكرۆندا، دواتر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چەندین ئاڵنگاریی قورس هەن لەنێوان عێراق و وڵاتانی ناوچەكە، كە پێویستە بە شێوەیەكی هاوبەش و بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنسا و یەكێتیی ئەوروپا ڕوبەڕووی ببنەوە.

ساڵح بوونی هەر بەرەوپێشچوونێكی لە ناوچەكە بەستەوە بەوە هاوبەشیكردنەی وڵاتانی ناوچەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان.

دووپاتیشیكردەوە، بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان عێراق و فەرەنسادا هەیە، زۆر بواریش هەن بۆ هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات و دەكرێت دەرفەتێكی مێژوویی بن، گەشبینیش بوو بەوەی پاریس پاڵپشتیی بەغداد بكات و هاوكارییەكانی فەرەنسای بە گرنگ بۆ ناوچەكە ناوبرد، نەك تەنها بۆ عێراق.

لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن پاڵپشتیی فەرەنسای بۆ عێراق دووپاتكردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان، لەپێش هەموویانەوە شەڕی دژ بە تیرۆر.

ماكرۆن نەیشاردەوە، كە لەگەڵ ئەوەی شەڕی تیرۆر لەسەر زەوی كۆتاییهاتووە، بەڵام دووپاتیكردەوە، “تیرۆری ئیسلامی لەناوچەکەدا هەیە، بۆیە ئێمە دەمێنینەوە لەگەڵ ئێوەدا و پاڵپشتی فەرەنسا بۆ لەناوبردنی تیرۆر لەسەر هیچ بڕیارێکی دیکە ناوەستێت”.

بابەتی پێشتر

چین: ئەمریكا دەیەوێت لە پرسی سەرهەڵدانی كۆرۆنادا بمانكاتە قوربانی

بابەتی دواتر

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share