نوێترین قسەی قوباد تاڵەبانی لەبارەی بەئەلیكترۆنیكردن، هەلی كار و كەرتی تایبەت

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، “لە کابینەی نۆدا 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوەتە وەبەرهێنەران و ئەو مۆڵەتانەش 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەمیانەی بەشداریكردنی لە‌ پڕۆژە‌ی TECHFEST بۆ كێبڕكێی تە‌كنە‌لۆجیا ڕایگەیاند “پلانی حكومەتی هەرێم  ئەوەیە 100 جۆر خزمەتگوزاری بكاتە ئەلیكترۆنی و متمانەی تەواومان بە توانای خۆماڵی و بە تایبەتیش گەنجان هەیە و لە بەشێکی گەورەی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی حکومەت، پشت بە توانای گەنجانی کورد و کۆمپانیای خۆماڵی بەستراوە، لەمەشدا توانیومانە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنین”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، وەک دەستپێک لە پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەت 100 جۆر خزمەتگوزاری دەستنیشان کراون، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوەی ئەلیکترۆنی پێشکەشی هاوڵاتییان دەکرێت و بەمەش کارئاسانییەکی گەورە بۆ هاوڵاتییان دابیندەکرێت لە خێرا ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیان.

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، بە دروستکردنی هەماهەنگی لەنێوان حکومەت و پەروەردە و کەرتی تایبەتدا، لە داهاتوودا لەلایەکەوە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاكان ئامادەیی زیاتریان دەبێت بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەت و لەلایەکی دیکەشەوە بە کارئاسانیکردنی حکومەت بۆ کەرتی تایبەت، ئاستی وەبەرهێنان پەرەدەسێنێت و بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێت.

بابەتی پێشتر

هەرێمی كوردستان.. مردن بە كۆرۆنا ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد

بابەتی دواتر

كۆمپانیا نەوتییەكە ناڕازییە.. هەرێم بەنیازە کۆتایی بە كاری کۆمپانیایەکی توركی-بەریتانی بهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share