وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ”هەڵوێستمان بەرامبەر بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان، پەیوەستە بە کارەکانی ئەو بزوتنه‌وه‌یه‌وه”.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كه ئه‌مڕۆ له واشنتن به‌ڕێوه‌چوو، نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، “ئەمریکا سه‌باره‌ت به بارودۆخى ئه‌فغانستان لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا لەهەماهەنگیدایە و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان، پەیوەندیی تەلەفۆنی ئەنجامداوه”.
سه‌باره‌ت به داننان به تاڵیبان یاخود به‌رده‌وامبوون له پشتیوانیكردنى ئەشرەف غەنی سەرۆك کۆماری ئەفغانستان، نێد پرایس وتی، ”حكومه‌تى ئه‌فغانستان به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ڕادهستنهكراوه، بۆیه کێ لە ئەفغانستان ببێتە سەرکرده، ئه‌مریكا دانی پێداده‌نێت”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ى گفتوگۆ له‌نێوان واشنتن و تاڵیباندا هه‌یه و ئه‌مریكا به‌گوێره‌ی كاره‌كانى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات و ڕایگه‌یاند، ”بەردەوامین لە گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە ده‌وحە، جگه له‌وه‌ش سوپای ئەمریکا لە کابول پەیوەندی لەگەڵ بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان دروستکردووە. هەڵوێستمان بەرامبەر حکومەتی داهاتوو لە ئەفغانستان پەیوەستە بە کارەکانی ئەو حکومەتە و کارەکانی تاڵیبانەوە”.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سوهێل شاهین، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، ئەمریكا دەڵێت “پێش 11ی ئەیلول هێزەكانم دەكشێنمەوە”، كەواتە دەبێت تا ئەو كاتە هەموو هێزەكانی بكشێنێتەوە.
وتیشی، “ئێمە پابەندین بەوەی هێرشنەكەینە سەریان و تا ئێستاش هێرشمان نەكردووە”.
ماوەی چەند ڕۆژێكە ئەمریكا دەستیكردووە بە كشانەوەی هێزەكانی لە ئەفغانستان و ئەوەش ڕێگەی بۆ تاڵیبان خۆشكرد ئەو وڵاتە كۆنترۆڵبكات.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر، هێزەكانی تاڵیبان چوونە ناو كابول و دەسەڵاتیان گرتەدەست و لەهەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی كاتیدان.