وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، چەسپاندنی تەمەنی ڕاستی فەرمانبەر، یان خانەنشینكراو لەسەر ئەو بەڵگەیە دەبێت كە پێی دادەمەزرێت و کار بە هیچ ڕاستكردنەوەیەكی داد و کارگێڕی ناکرێت کە پاشان دەردەچێت.
لە نوسراوێكدا وەزارەتی دارایی هەرێم ڕێنمایی نوێی لەبارەی خانەنشینی فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت دەركردووە.
لەنوسراوەكەدا هاتووە، “پاڵپشت بە ماددە 25ی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006، چەسپاندنی تەمەنی ڕاستی فەرمانبەر، یان خانەنشینكراو لەسەر ئەو بەڵگەیە دەبێت كە پێی دادەمەزرێت، یان تەمەنی دەچەسپێت و كار ناكرێت بە هیچ ڕاستكردنەوەیەكی داد، یان كارگێڕی كە لە پاشان دەردەچێت”.
ئەوەشهاتووە، “پاڵپشت بە لیژنەی پێداچوونەوە بە ڕێنوێنییە داراییەكان و پاڵپشت بە نوسراوی دیوانی چاودێری دارایی ئەو ڕێنوێنییە دەركراوە”.
بەپێی ڕێنماییەکانی حکومەت هەرفەرمانبەرێک 63 ساڵ تەمەنی تەواو بكات، دەبێت مامەڵەی خانەنشینی بۆ بكرێت، بە پێچەوانەوە هەر پارەیەكی زیادە وەربگرێت بە نایاسایی ئەژمار دەكرێت.