مانگی تەمموز گەرمترینی 142 ساڵی ڕابردوو بووە

دیمەنێكی پاش ئاگرەكانی جەزائیر

بەرپرسانی كەشناسیی ئەمریكا ڕایدەگەیەنن، هەسارەی زەوی “گڕگرتنی” لە تەمموزی ڕابردوو بەخۆیەوە بینیووە و بووەتە گەرمترین مانگ بەدرێژایی 142 ساڵی ڕابردوو.

هاوكات لەگەڵ ئەو شەپۆلی گەرما بەهێزەی چەندین ناوچەی لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەوروپا و چەندین ناوچەی دیكەی گرتەوە، لە مانگی ڕابردوودا ناوەندی پلەی گەرمای هەسارەی زەوی گەیشتە 62.07 پلەی فەهرنهایت (16.73 پلەی سەدی)، بەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی لە تەمموزی 2016 تێپەڕاند، كە دوو جاری دیكە لە هەردوو ساڵی 2019 و 2020 تۆماركرانەوە، وەك ئەوەی ئیدارەی نیشتمانیی زەریاكان و بەرگەهەوای ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاماژەیپێداوە.

ئەهیرا سانشێز لۆگۆ، زانای ئاووهەوا لە ئیدارەكە وتی، دوایین حەوت مانگی تەمموز لە 2015 تا 2021 بەرزترین پلەی گەرمایان هەبووە.

گەرمای مانگی ڕابردوو بەرزتربووە بە 1.67 پلەی فەهرنهایت (0.93 پلەی سەدی)، بەراورد بە ناوەندی سەدەی بیستەم بۆ هەمان مانگ.

لای خۆیەوە مایكڵ مان، زانای ئاووهەوا لە زانكۆی ویلایەتی پێنسلڤانیا وتی، “ئەمەیە گۆڕانی ئاووهەوا، نیشانەیەكی دیاری هاوینە كە بێپێشینەیە لەڕووی گەرما و وشكبوونەوە و ئاگركەوتنەوەی دارستانەكان و لافاو”.

هەفتەی پێشووش لیژنەیەكی زانستی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕاپۆرتێكدا هۆشداریدا لە كەڵەكەبوونی گرفتەكانی پەیوەندیدار بە گۆڕانی ئاووهەوا لە ئاكامی سوتاندنی خەڵوز و نەوت و گازی سروشتی و چالاكییە مرۆییەكانی دیكە.

س: سكای نیوز

بابەتی پێشتر

سێ ملیۆن منداڵی عێراقی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەیانگرێتەوە

بابەتی دواتر

ژاپۆن هەوڵدەدات لەسەر مانگ خۆراك بەرهەمبێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share