سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لەمڕۆوە ڕێكارە کارگێڕییەکانی چاکسازییەکانی ناو پلانی “وەرەقەی سپی” دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا كازمی سەرپەرشتی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاكسازیی كرد و ڕایگەیاند، لەمڕۆوە رێكارە كارگێڕییەكانی چاكسازیی نێو “وەرەقەی سپی” دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی، “ئابوریی وڵات لە ئەنجامی گەندەڵییەکی زۆرەوە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر نزم، بەڵام هیوایەك هەیە عێراق بۆ دۆخی بەهێزی خۆی بگەڕێتەوە”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، كازمی وتوشیەتی، پلانەکانی وەرقەی سپی درێژخایەنە و بەخێرایی کۆتایی نایەت، چونکە زیانی ئابوریی عێراق زۆرە و مەحاڵە بتوانرێت لە ماوەیەکی کەمدا پلانی چاکسازی جێبەجێبکرێت.
كازمی باسی لەوەشكرد، پلانەكانی وەرقەی سپی دەبێتە هۆی بونیادنانەوەی ئابوریی عێراق و گەشەسەندنی بەردەوام لە وڵاتدا، چارەسەری درێژخایەن دابین دەكات بۆ قەیرانی دارایی.
ئەوەشیخستەڕوو، “داهاتووی وڵاتەكەمان لەپێشی هەموو بەرژوەندییەكانمانەوەیە، ئێمەش كار بۆ ئەوە دەكەین بە كەمترین زیانەوە لە جێبەجێكردنی ئەم پلانە دەربچین”.