ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێكیان واژووكردووە بۆ وەستاندنی بڕیاری زیادكردنی دەوامی فەرمانگەكان و ئەندامێكی ئەنجومەنەكەش دەڵێت، ئەنجومەن ئەو دەسەڵاتەی هەیە.
ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەماوەی ڕابردوودا لە بەشێك لە بەڕێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان فشار لە فەرمانبەران كراوە بۆ زیادكردنی دەوام، لەو ڕووەوە سكاڵای بەشێك لە فەرمانبەرانمان پێگەیشتووە جگە لەوەی لە چەند بەڕێوەبەرایەتییەك ناڕەزایی و بایكۆت سەریهەڵدا.
وتیشی، “ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێی بڕگەی 8 لە ماددەی 6ی یاسای 3ی ساڵی 2009 دەسەڵاتی دەركردنی بڕیار و پەیڕەو و ڕێنمایی هەیە، ئێمە بۆ دەركردنی ئەو بڕیارە یاداشتێكمان نوسیووە و واژووی 19 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای لەسەرە بۆ ئەوەی ئەنجومەن لە كۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیارێك دەربكات، كە هەتاوەكو ئەوكاتەی موچە بەبێ لێبڕین و بە بڕی تەواوەتی و لەماوەی دیاریكراوی خۆی كە 30 ڕۆژ جارێكە فەرمانبەر وەریدەگرێت، بەهیچ جۆرێك هیچ فشارێك نەكرێت بۆ زیادكردنی دەوام”.
ڕێكەوت زەكی ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لە كەمكردنەوەی دەوام پەیوەندی بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە. دوپاتیشیكردەوە، هەتا هەڕەشەی ڤایرۆسەكە و هەتاوەكو لێبڕینی موچە بمێنێت ناكرێت هیچ فشارێك لەسەر فەرمانبەر دروستبكرێت بۆ ئەوەی دەوامی زیادبكات.
ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتر كاروباری هاوڵاتی دوانەكەوتووە، فەرمانگەیەك هەرچەند فەرمانبەری هەبوبێت بە بەردەوامی ڕۆژانە دەوام هەبووە و كاروباری هاوڵاتییان دوانەكەوتووە و بەرپرسی هۆبە و بەڕێوەبەرایەتیەكان كاروباری فەرمانگەمانیان ڕێكخستووە.
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەنجومەنی پارێزگا دەتوانێت بڕیارێك دەربكات كە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەو ڕووەوە ڕابگرێت، ڕێكەوت زەكی دوپاتیكردەوە، بەپێی ناوەرۆكی یاسای ژمارە 3 كە پەرلەمانی كوردستان دەریكردووە هەموو دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لەژێر سایەی بڕیار و پێڕەو و ڕێنمایی ئەنجومەنی پارێزگاكاندان و، لەمادەی 19 بڕگەی سێ پارێزگار پابەند دەكات بە بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەن.
یاداشتەكە واژووی پێویستی لەسەرە و چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بكرێتە بڕیار، وەك ئەوەی ئەندامەكەی ئەنجومەن ئاماژەی پێدا.
دەقی یاداشتەكە: