دەیان کەس لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی، چوونە بەردەم لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغداد و سوتاندیان، لەکاردانەوەی لێدوانەکانی هۆشیار زێباری دژی حەشدی شەعبی.
بەشێک لە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی، چوونە ناو باڵەخانەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاگریان لە باڵەخانەکە بەردا، ئەمە لەکاتێکدا هێزی ئەمنیی عێراقی، لە نزیک لقی پارتیین بەڵام خۆپیشاندەران چوونەتە ناو باڵەخانەکە و ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر بارەگای پارتی هەڵکراوە.
لەئێستادا هێزەکانی بەرگری شارستانی بەغداد لە شوێنی ڕوداوەکەن و سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ناو لقی پارتیین.
لە بارەی سوتاندنی بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغداد، محەمەد بەسری، سەرکردە لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ئەو کارە هیچ پەیوەندیی بە حەشدی شەعبییەوە نییە هەڵکردنی ئاڵای حەشدیش لەسەر بارەگاکە بەمانەی بەرپرسیارێتی حەشدی شەعبی نایەت، چونکە لە زۆرینەی ناڕەزایەتییەکاندا ئاڵای عێراق لەسەر ئەو شوێنانە هەڵدەکرێت کە بارەگاکانیان دەسوتێنرێت لەکاتێکدا ناکرێت بوترێت حکومەت لێی بەرپرسیارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، لایەنگرانی حەشدی شەعبیین کە لەسەر بنەمای کاردانەوە و هەستوسۆز کردوویانە، هەر کەسێکیش تانە لە دامەزراوەیەکی ئەمنیی یان خوێندی شەهیدان بدات، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە ئەو کاردانەوەیەی بەرامبەر بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنییدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە حەشدی شەعبی ئێستا بەغداد و هەولێری کردووەتە ئامانج وەک چۆن پێشتر داعش کردبوویە ئامانج.