نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، سێ نوێنەریان لە فڕۆکەخانەی هەولێر “لەلایەن هێزێکی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیرکراون”.
نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای كوردستان بە میدیاكانی نزیك لە پەكەكەی وتووە، “ئەمڕۆ پێنجشەممە، مستەفا عوسمان نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن نوێنەری خۆبەڕێوبەری دیموکراتی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر، کاتژمێر 3:00ی بەیانی چوون بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر بەمەبەستی پێشوازیکردن لە میوانێکیان، بەڵام لە فڕۆکەخانە لەلایەن هێزێكی پارتییەوە هەر سێ کەسەكە دەستگیرکراون”.
نوێنەرایەتیی خۆسەر ئاشكراشیكردووە، لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو سێ ئەندامەیان، هیچ شتێکیان پێنەوتراوە و لە هەوڵدان پەیوەندی بە بەرپرسانی پارتییەوە بکەن.
لەلایەكی دیكەوە، خۆبەڕێوبەری دیموکراتی باکور و رٍۆژهەڵاتی سوریا لە ڕاگەیەندراوێكدا، دوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیركراوەكانیان دەكات و داوای ڕونكردنەوەش لە پارتی دەكات، کە هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان ڕونبكاتەوە.
دەشڵێت، “لە کاتێکی وەها هەستیاردا کە دەوڵەتی تورکیا هەمە جۆرە لە هەوڵی دژایەتیکردن و داگیركردنی كوردستاندا، پێویستە لایەنەکان زياتر یەکێتی خۆمان پتەوبکەینەوە و یەکهەڵوێست بین، نەک بە پێچەوانەی ئەمەوە هەڵسوکەوت بکەین”.