دادگای عێراق لەسەر ئازادكردنی قاسم موسڵح ڕونكردنەوە دەدات

قاسم موسڵح

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاشكرایدەكات، ئازادكردنی سەركردەكەی حەشدی شەعبی بەهۆی “نەبوونی هیچ بەڵگەیەك بووە كە تێوەگلانی بسەلمێنێت” لە كوشتنی ئیهاب وەزنیی چالاكواندا.

ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، پاش بەرچاوڕوونی دادوەرانی لێكۆڵینەوە دەركەوت قاسم موسڵح تۆمەتباركراوە بە كوشتنی ئیهاب وەزنی-ی چالاكوان، بەڵام هیچ بەڵگەیەك لەسەری پێشكەشنەكراوە، بەتایبەت دوای ئامادەبوونی لە بەردەم دادوەران و وەرگرتنی وتەكانی و، بەپێی پاسپۆرتەكەی دەركەوت لەكاتی كوشتنی وەزنی-دا لە دەرەوەی وڵات بووە و ڕەتیشیكردەوە بەشداربووبێت یان تاوانەكەی ئەنجامدابێت، هەروەك دادگای لێكۆڵینەوە هیچ بەڵگەیەكی دەستنەكەوت كە تێوەگلانی لەو تاوانە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بسەلمێنێت.

لە 27ی ئایاری ڕابردوو لەلایەن هێزێكی ئەمنیی عێراقەوە قاسم موسڵح دەستگیركرا، دەستگیركردنەكەی پشێوی و ئاڵۆزی لە بەغداد دروستكرد، دوای ئەوەی ژمارەیەك لە چەكدار و لایەنگرانی حەشد ڕژانە بەغداد و ناوچەی سەوز، لە بەرامبەریشدا تانك و هێزی سەربازیی سوپای عێراق بەرەو ناوچەكە جوڵەیان پێكرا.

سەركردەكەی حەشد، تۆمەتبار بوو بە “هێرشەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد و تیرۆرکردنی هەردوو چالاکوان فاهم تائی و ئیهاب وەزنی، لەگەڵ تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی”.

ئەنجومەنەكە لە بەیاننامەكەیدا دەشڵێت، كەسوكاری وەزنی لەكاتی وەرگرتنی وتەیان هیچ بەڵگەیەكیان لەو بارەیەوە پێشكەشنەكردووە.

لە 9ی ئایاری ڕابردوو ئیهاب وەزنی چالاكوانی دیاری عێراقی و ئەندامی لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەكانی كەربەلا لە هێرشێكی چەكداریدا كوژرا.

لەدوای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی 2019ەوە نزیكەی 600 كەسی پەیوەندیدار بە خۆپیشاندانەكانی شارە جیاجیاكانی عێراق لە هێرش و ڕووداوی جۆراوجۆردا كوژراون، دیارترینیشیان هشام هاشمی، توێژەر و ڕاوێژكاری حكومی بوو لە تەمموزی ڕابردوو لە بەردەم ماڵەكەیدا لە بەغداد.

تائێستا دادگاكانی عێراق هیچ بڕیارێكی سزادانیان دەرهەق بە كردەكانی كوشتن دەرنەكردووە كە بەمدواییە زیادیانكردووە.

بابەتی پێشتر

ئەندامێكی شاندە پەرلەمانییەكە: توركیا پەكەكەی كردووەتە بیانوو بۆ داگیركردنی هەرێم

بابەتی دواتر

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی عێراق لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە: ترسم لە مانگی 12 هەیە

شێروان میرزا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ترسم لەمانگی دوانزەیە بەراستی ئەگەر…
Total
0
Share