بۆردوومانی تورکیا هاوڵاتییەکی لەناو گوندەكەی خۆیدا برینداركرد

ئەمڕۆ بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە، هاوڵاتییەک لە گوندێكی سەر بە ناحیەی کانی ماسێ برینداربوو، بۆردوومانەكە ناو گوندەكەشی گرتووەتەوە.

سەربەست سەبری، بەرێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 11ی پێشنیوەرۆ، تۆپخانەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی دەوروبەری گوندی هرورێ لە سنوری ناحیەکەیان کردووە، یەکێک لەو بۆمبانە بەر ناوەندی گوندەکە كەوتووە و بەو هۆیەوە هاوڵاتییەک، كە لەبەر دەرگای ماڵەکەی خۆیدا بووە، برینداربووە.

 هاوڵاتیەکە ناوی ڕەمەزان عەلی عەبدوڵا-یە، تەمەنی 70 ساڵە و لە گوندەكەیان خەریكی كشتكارییە.

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ لەبارەی ڕەوشی تەندروستیی بریندارەكەوە وتی، لە نەخوشخانەی کۆمەڵگای بێگوڤا چارەسەری سەرەتایی بۆكراوە و دواتر دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی زاخۆ.

لە بۆردوومانەكانی ماوەی ڕابردووی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك هاوڵاتیی هەرێمی كوردستان شەهید و بریندار بوون، زیانیش بەر سروشت و ڕەز و باخی هاوڵاتییان كەوتووە، ئەمە جگە لە بڕینەوەی دارستانەكان و بردنی دارەكانی باشووری كوردستان بۆ توركیا، كە كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.

بابەتی پێشتر

لیستێكی نوێی مووچە بڵاوكرایەوە

بابەتی دواتر

بەهۆی شۆرتێکی کارەباوە لەناو تونێلی دەربەندیخان، کارەبای شارەزوور کەمبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share