فراكسیۆنی یەكێتی: دوورکەوتنەوە لە خواستی خەڵک و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان ئاکامی خراپی دەبێت

لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغداد ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی و شۆڕشە نوێکەی لەو تەنها تروسکەیەی ساڵی ١٩٧٥ ەوە بوە هیوایەکی گەورە و هۆشداریش بە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم دەدات کە دوورکەوتنەوە لە خواستی خەڵک و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان ئاکامی خراپی دەبێت.

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە پەیامێكی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكردەوە و دەڵێت، “چل و شەش ساڵ لەمەوبەر، ئاسمانی شۆڕشی کورد لە کوردستانی عیراق تەم دایگرتبوو، بەهۆی کۆتایهاتنی شۆڕش، ناخی تاکی کورد پڕبوو لە خەم و ئازار و ژان، نائومێدی و هەلومەرجێکی سەخت و نالەبار بەرۆکی خەڵکی کوردستان گرتبوو، لەناو ئەم دۆخە پڕ لە حەسرەت و نائومێدیەدا، مام جەلال و هاوڕێکانی بەدامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تروسکاییان خستە ناو دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان”.

دەشڵێت، “یەکيتی و شۆڕشە نوێکەی لەو تەنها تروسکەیەی ساڵی 1975ەوە بووە هیوایەکی گەورە و لە ڕاپەرینی بەهاری ساڵی 1991 بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا خەڵکی کوردستان بەرهەمی شۆڕشی نوێیان چنییەوە”.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا هاتووە، “یادی لەدایکبوونی یەکێتیی، یادگاری سەرەتای دەرکەوتنی پلوراریزمی کوردی و شکاندنی تەلیسمی تاکحیزبی و تاکڕەوی لە بریاردان و گەشەسەندنی بنەماکانی چەپکە گوڵەکەیە لەبری یەک گوڵ و یەک ڕەنگ، کە ئەم فەلسەفەیەش دواتر لە هەنگاوەکانی دوای ڕاپەرین ڕەنگیدایەوە و ئازادییەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی فراوانترکرد”.

فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوامی بەلێبڕینی موچە و دواکەوتنی موچە، هەژاری و بێکاری خەڵک، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان هەموو ئەمانە و زیاتریش ئێمەی فراکسیۆنی یەکێتی کە نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی خەڵک ئامانجی دوورنمامانە، دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی گەورە بۆئەوەی جارێکی تر هۆشداری بە حکومەتی عێراق و هەرێم بدەینەوە کە دوورکەوتنەوە لە خواستی خەڵک و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان ئاکامی خراپی دەبێت.

دوپاتیشیدەكاتەوە، “هەنگاو بەشوێن پێی سیاسەتی حەکیمانەی مام جەلال و بەڕێنمایی هاوسەرۆکان و هەڵگری سیاسەتی نوێبوونەوە لەسەر ئاراستە میانڕەویەکەی بەردەوام دەبێت لەپێناوی کەمکردنەوەی پانتایی گرفت و کێشەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوو”.

بابەتی پێشتر

چین بڕیارێكی مێژوویی دەدات

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: ڕێگەنادەین لە پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share