یەکێتیی زانایانی ئایینی لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە دەریكردووە، داوای پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی خۆپارێزی و چاودێریی نرخ دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی نیسان، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بە بۆنەی مانگی ڕەمەزانەوە دەریكردووە، یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان ڕایگەیاندووە، “هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لەكاتێكدایە، هێشتا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە و زۆرێک لە خۆشەویستانمان بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی”.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئاماژەی بەوەشكردووە، “لە ڕوانگەی هەستی بەرپرسیارێتی و ئیمانی و ئینسانیەوە داوا لە سەرجەم هاوڵاتییان بە گشتی و موسڵمانان بە تایبەتی دەکەین، کە پابەندی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بن و ڕەچاوی سەلامەتی گیانی یەکتر بکەن، ئەمە خواست و بنەمایەکی گرنگی ئایینی ئیسلامە کە زیان بە یەکتر نەگەیەنین”.
یەكێتییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “دەخوازین حکومەت چاودێریی گرانبوونی کاڵاکان بکات و برا بازرگان و دوکاندارەکانیش ڕەچاوی دۆخ و گوزەرانی خەڵک بکەن، نەک بە گرانکردنی کاڵا و کەلوپەل و خواردەمەنییەکان بازاڕ و مانگی ڕەمەزان ئیستیغلال بکرێت”.