وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاری تێدادەکرێت و لەگەڵ مانگی ڕەمەزاندا دەیگونجێنین.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 11ی نیسان لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنوسان وتی، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکاری تێدادەکرێت و لەگەڵ مانگی ڕەمەزان دەیگونجێنین”.
ڕونیشیكردەوە، “لە ڕەمەزاندا ژیان لەدوای بەربانگ دەستپێدەکات، ناکرێت ئێمەش قەدەغەی هاتوچۆ لەسەر هاوڵاتیان دابنێین”.
پێنجشەممەی ڕابردوو 8ی نیسان قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە تا 12ی ئەم مانگە ڕاگەیەنرا. كە بەپێی ناوەرۆكەكەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە كاتژمێر 08:00ی شەو تا 06:00 بەیانی دەبێت.
بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڕیار و ڕێكارەكان تایبەت مانگی ڕەمەزان كۆببێتەوە.
پێشتر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا و ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون دەكرێت، تا بزانرێت چۆن و لە كوێ جێبەجێكراون.
وتیشی، “سەبارەت بە كاریگەری بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ، ئێمە پێویستمان بەكاتە تا كاریگەرییەكەی هەست پێبكرێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دۆخی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا باش نییە و حاڵەتەكانی توشبوون زۆرن”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی گشتیی هاتوچۆی بەدوورزانی و وتی، مانگی ڕەمەزان نزیكبووەتەوە و لە دۆخێكی وادا پێویستە هەم ڕێكارەكان و هەم بژێوی هاوڵاتیان لەبەرچاوبگرین.
لای خۆیەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستا دەكەین بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتەكانی تەندروستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا.
وتیشی، “وەك سلێمانی پێشنیارەكانی خۆمان دەخەینەڕوو، كە جەختدەكاتەوە لەسەر ئامادەكردنی دامودەزگا تەندروستییەكان و زەمینەسازیی مرۆیی و دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی و دەستەبەركردنی ڤاكسین”.
هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەوەشی خستەڕوو، گرنگترین هۆكار بە خۆپارێزی دەزانین، كە پێویستە هاوڵاتیان ڕەچاوی بكەن ئەویش لەڕێی دوركەوتنەوە لە كۆڕ و كۆبوونەوە و قەرەباڵغی و بەكارهێنانی ماسك.