ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنی ئەمڕۆ كشانەوە، پاش دەنگدان لەسەر جێگیركردنی نرخی دۆلار بە 1450 دینار و كێشەش لەنێوان ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكاندا ڕویدا.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی ئازار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 دەستیپێكرد.
پەرلەمانتاران دەنگیان بە مادەی یەكەمی پرۆژەیاساكەدا كە تیایدا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار-یش بە 1450 دینار بۆ هەر دۆلارێك دیاریكراوە.
بەپێی میدیا عێراقییەكان، دەنگدان لەسەر ئەو ماددەیە بووە هۆی ڕودانی كێشە و دەمەقاڵێ لەنێوان ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەهۆیەوە هەندێكیان لە دانیشتنەكە كشاونەتەوە و لە ئاكامدا بۆماوەیەك نیسابی یاسایی تێكچوو.
ئەو پەرلەمانتارانەی كشاونەتەوە لە فراكسیۆنەكانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نەهجی وەتەنی، فەتح و نەسڕ بوون.
پەرلەمانتارانی ناڕازی داوایانكردووە نرخی دۆلار بە 130 دینار بۆ هەر دۆلارێك دیاریبكرێت.
بەپێی سەرچاوەكان سەرەڕای ئەو ناكۆكییانە، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران درێژەی هەیە و تائێستا هەشت مادەی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی پەسەندكراون.