لەبارەی سەردانیكردنی وڵاتەكە، شێخی ئەزهەر وەڵامی داواكەی عێراقی دایەوە و بەڵێنی داوە، سەردانی عێراق بكات.
ئەمڕۆ شەممە 13ی ئازار، سەعد كەمبیش، سەرۆكی دیوانی وەقفی سونی لە عێراق ئاشكرایكردووە، “لە سەردانی بۆ میسڕ چاوی بە ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر كەوتووە و هەردوو بانگهێشتنامەكەی سەرۆكی حكومەت و پەرلەمانی عێراقی لەبارەی سەردانیكردنی بەغداد پێداوە”.
ئاشكراشیكردووە، “شێخی ئەزهەر بەڵێنی داوە لە نزیكترین كاتدا سەردانی عێراق بكات”.
سەرۆكی دیوانی وەقفی سونی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، “حكومەتی عێراق بانگهێشتنامەی ئاڕاستەی وەزیری ئەوقاف و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شورای ئیسلامی و موفتی میسریش كردووە بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بكەن”.
ئەو داوایە بۆ سەردانی شێخی ئەزهەر بۆ عێراق پاش ئەوە دێت، 5ی ئەم مانگە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان سەردانی عێراقی كرد و چەند ڕۆژێك لە وڵاتەكە مایەوە.