عێراق.. كوتانی هاوڵاتییان بە ڤاكسینی دژەكۆرۆنا دەستیپێكرد

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار، پرۆسەی كوتانی هاوڵاتییان بە ڤاكسینی دژەكۆرۆنا لە عێراق دەستیپێكرد.

كەمێك لەمەوبەر لە نەخۆشخانەیەكی بەغداد پرۆسەكە دەستیپێكرد و ژمارەیەك هاوڵاتی ڤاكسینی دژەكۆرۆنایان لێدرا.

بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ سێشەممە یەكەم كاروانی ڤاكسنی دژەكۆرۆنا گەیشتە عێراق.

لە ڕاگەیەندراوێكدا وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە، “بە ڕێنمایی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزارەتی بەرگری فڕۆكەیەكی سەربازی لە جۆری C130 ناردە چین بۆ ئەوەی یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بگوازێتەوە بۆ عێراق”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئازار، فڕۆكەكە بە بارە ڤاكسینەكەوە گەیشتە بەغداد”.

لەكاتی گەیشتنی كاروانە ڤاكسینەكە هەریەك لە وەزیری تەندروستیی عێراق و سكرتێری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق و فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكان و باڵیۆزی چین لە بەغداد ئامادەبوون.

دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، “لەو ڤاكسینەی دێتە عێراق 20%ی دەدرێت بە هەرێمی كوردستان”.

 

 

بابەتی پێشتر

"هەرێم بووەتە ترانزێتی مادەی هۆشبەر"

بابەتی دواتر

ماوەی لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو درێژکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share