هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای هاوپەیمانیی عێراقییون بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، سەرۆکی تەیاری حیکمەی نیشتیمانیی و ڕایانگەیاند کە چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کاری لەپێشینەی یەکێتییە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتیی، بافڵ تاڵەبانی ئەمڕۆ شەممە 20ی شوبات ڕایگەیاند، ” لە دیدارێکدا کە هەریەک لە (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ڕزگار عەلی، ئاسۆ مامەند، دکتۆر سۆران جەمال تاهیر و ڕزگار حاجی حەمە) ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی ئامادەیبوون، لەژێر ڕۆشنایی پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژوویی و دۆستایەتییەکانی نێوان هەردوولا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا و پێویستی خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و دانانی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ داهاتوو گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، “لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتیی جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری هەموو لایەنەكان بە کورد، شیعە و سوننەوە کردەوە كە ڕۆڵی كارایان هەیە لە پرۆسەی سیاسی و خاوەن بەرژەوەندیی ڕاستەقینەن لە بەرەوپێشبردنی كاروانی دیموكراسی لە وڵاتدا”.
هاوسەرۆکان داواشیانکرد کە هەوڵەکان بەردەوام بێت لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم کە کاری لە پێشینەی ئێستای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا هاوسەرۆکان ڕایانگەیاند کە لەم هەلومەرجەدا هانی هەمووان دەدەن بۆ هەماهەنگیی و دیالۆگی جدیی وەک بەشێک لە داكۆكی و بەرگری لە دیموكراسی و فیدراڵیی عێراق بە لەبەرچاوگرتنی پاراستن و زامنکردنی مافەکانی گەلی کورد.
هەروەها ئاماژەیان بە ڕۆڵی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کرد بۆ بەردەوامی هەوڵ و هەنگاوەکان لەگەڵ هێز و لایەنە کوردی و عێراقییەکان لە پێناو ڕەخساندنی دیالۆگێکی بنیاتنەرانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و لابردنی کۆسپەکانی بەردەمیان بە ئامانجی ڕێککەوتنی یەکلاکەرەوە لە چوارچێوەی دەستوور.
ڕاشیانگەیاند کە پێویستە دیالۆگی ڕاشکاوانە لەسەر زەمینەیەكی بەهێزی متمانەكردن بەیەكتر دابمەزرێت و بەرژەوەندییە کەسیی و ململانێ سیاسییەکان وەلابنرێن تاوەکو چیتر قووت و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان نەکرێنە قوربانیی ئەو ململانێیانە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی، لە دیدارەکەداعەمار حەکیم ئاماژەی بەو پەیوەندییە مێژوویی و بەهێزەی نێوانیان کرد لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەیانە و بناغەکەی لەلایەن شەهیدی میحراب و ڕەوانشاد مام جەلال داڕێژراوە و هەنگاوی گەورە و گرنگی لێ بەرهەمهاتووە و داواشیکرد پێکەوە درێژە بەو ڕێبازە بدەن.
هەروەها عەمار ئەلحەکیم گرنگیی ڕۆڵی نیشتمانیی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی لەم بارودۆخە ناسکەدا دووپاتکردەوە لە پێناو ڕێگرتن لە گەورەبوونی کێشەکان و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و لێکنزیککردنەوەی تێڕوانین و بۆچوونەکان.