ناوەندی پاراستنی گەل ڕایدەگەیەنێت، ئۆپراسیۆنەكەی توركیا و هێرشیان بۆ سەر كەمپی دیلەكان “بە هیچ شێوەیەک بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان نەبوو، بەڵکو هێرشەکە بە تەواوی بۆ کوشتنی دیلەکان بوو”.
ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، “ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی دەوڵەتی تورکی پاکتاوکاری چەوسێنەر و داگیرکەر بۆ سەر ناوچەى گارە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، لە 10ی شوبات دەستیپێکرد و لە 14ی شوبات تێکشکێنرا و ناچاربوو خۆی بکشێنێتەوە”.
دەشڵێت، هێرشەکە لە دژی ئەو کامپە ئەنجامدرا، کە دیلی هێزە ئەمنیەکانی دەوڵەتی تورکی تیادا بوو، هێرشەکە لە ئاسمانەوە و دواتریش زەمینی بە هەموو جۆرە چەک و تەکنەلۆژیای جەنگیی سەربازی ئەنجامدرا و لەلایەن هێزەكانیاوە وەڵامدراوەتەوە و شەڕی ناوچەكەش سێ ڕۆژ بەردەوام بووە بەهۆیەوە بەشێک لە ئەندامانی میت، سەرباز و پۆلیسە دیلکراوەکان گیانیان لەدەستبدەن.
ناوەندی پاراستنی گەل دوپاتیشیدەكاتەوە، “هێرش بۆ سەر کامپەکە بەهیچ شێوەیەک بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان نەبوو، بەڵکو هێرشەکە بە تەواوی بۆ کوشتنی دیلەکان بوو. تاکە بەرپرسیاریی کوشتنی ئەو مرۆڤانە، خولوسی ئاکارە، کە بڕیاری ئەو هێرشەى دا”.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا وتی، “لەکاتی پشکنینی یەکێک لە ئەشکەوتەکاندا تەرمی 13 هاوڵاتیی بێچەکی تورکیا دۆزراونەتەوە، یەکێکیان گولە بەر شانی کەوتووە و 12 هاوڵاتییەکەی دیکە گولە بە سەریانەوە نراوە و کوژراون”.
ئاكار ئەمڕۆ سەردانی بنكەی بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی (چنگی هەڵۆ-2)ی لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنوور کرد و لە وتەیەكدا کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند.
لە 10ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی تورکیا دابەزاندنی سوپای وڵاتەکەی لە چیای گارەی پارێزگای دهۆک ڕاگەیاند و ئاشکراشیکرد لە کاتژمێر 2:55 خولەکی بەرەبەیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ-2) دژ بە پەکەکە کردووە.
ڕۆژێك دواتر زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا دوێنێ شەویش بە چڕی بەردەوام بوو”.
وتیشی، “لەناو ئەو شوێنانەی بۆردمانکراون کامپێک هەیە کە دیلەکانی شەڕی لێی ڕادەگیران”.