وەزیری نەوتی عێراق: نرخی سوتەمەنی لەسەر هاوڵاتییان گران نابێت

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە، بەرزكردنەوەی نرخی ئەو نەوتە خاوەی دەدرێت بە پاڵاوگە ناوخۆییەكان، كاریگەری نابێت لەسەر نرخی سوتەمەنی لەسەر هاوڵاتییانی عێراق.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی شوبات ڕایگەیاندووە، “بەرزكردنەوەی نرخی ئەو نەوتە خاوەی دەدرێت بە پاڵاوگەكانی ناوخۆ لەسەر پێشنیازی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بووە، كە ئامانج لێی زیادبوونی داهاتی وڵاتە”.

وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی ئاشكراكردووە، “وەزارەتی نەوت بەو پێشنیازەدا چووەتەوە و بەدوای چارەسەرێكی سەركەوتووانەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی نرخی ئەو سووتەمەنییەی دەدرێت بە هاوڵاتییان وەك خۆی بمێنێتەوە، هەروەها لەبەرچاوگرتنی بەرژوەندیی ئەو كەسانەی لە كەرتی نەوتدا كار دەكەن”.

وەزیرە عێراقییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “سوورین لەسەر ئەوەی داهاتی وڵات زیاد بكەین، بەڵام بەو مەرجەی كاریگەری لەسەر جێگیریی دارایی تاكی عێراق نەبێت”.

لە كاتێكی زووتری ئەمڕۆدا وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندبوو، “ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بگاتە 80 دۆلار، گونجاو دەبێت بۆ عێراق تاوەکو خەرجی لە بودجەی 2021دا دابین بکات”، لەهەمان کاتیشدا بە دووری زانی نرخی نەوت لە ئەمساڵدا 65 دۆلار تێپەڕێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕەیـ.ـان کـ.ـلدانی بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی: لە 51هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاڕاستە دەکەم

ڕەیـ.ـان کـ.ـلدانی لە 51هەمین ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکات. ڕەیان کلدانی،…
Total
0
Share