دوای ئەوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان جۆرێک قاوەی قەدەغەکرد، پسپۆڕێکی خۆراک زیانەکانی ئەو قاوەیە دەخاتەڕوو.
قاوەی چوکلێتی، ئەو قاوەیەیە کە هەندێک لە پەیجەکان وەک هۆکارێک بۆ کێش دابەزاندن دەیفرۆشن.
لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، قاوەی چوکلێتی ماددەیەکی مەترسیداری تێدایە، کە هۆکاری چەندین نەخۆشییە.
وتیشی، ئەگەر ماددەی Sibutramine بۆ قاوە یان هەر خواردنێکی کەمکردنەوەی کێش زیادبکرێت، مەترسییەکی گەورەی تەندروستیی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی زایدکرنی ئەو ماددەیە بریتییە لە، (بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، خێرابوونی لێدانی دڵ، زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێن، سەرئێشە و سەرسوڕان، نیگەرانی و نەخەوتن و وشکبوونی دەم.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەندێک کەسدا دەتوانێت ببێتە هۆی وەستانی دڵ، بەهۆی ئەو مەترسییانەوە، سیبوترامین لە زۆر وڵاتدا لە بازاڕ کێشراوەتەوە یان قەدەغە کراوە.