سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دژی سەرپێچیی ئاژەڵداران لەسەر شەقام و شۆستەکان دەستپێکرد.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سیمای شارستانیی شارەکە و جێبەجێکردنی ڕێنماییە هاوبەشەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی، قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری، تیمە مەیدانییەکانی بەشی خزمەتگوزاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، هەڵمەتێکی بەرفراوان و چڕیان لەسەر شەقام و شۆستە گشتییەکان دەستپێکرد.
ڕاشیگەیاند، هەڵمەتەکە پاش ئەوە هات، کە ژمارەیەک لە ئاژەڵداران، هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزیان بە دەرفەت زانیبوو بۆ مهبهستی جیاواز، بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێنماییەکان، شۆستە، شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بەکارھێنابوو؛ ئەمەش ببووە هۆی شێواندنی سیمای شار و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەکەدا، تیمەکانی چاودێریی مەیدانی بە شێوەیەکی یاسایی ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو ئاژەڵدارانە بوونەوە کە سەرپێچییان کردبوو و پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون؛ لەئێستاشدا سەرجەم سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی کراونەتەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بانگەوازێکیش ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتییان و دانیشتووانی شارەکە دەکات، “کە هەستی بەرپرسیارێتی بنوێنن؛ بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەکانی خاوێنڕاگرتنی شار بن و بە هیچ شێوەیەک ژینگەکەی نەشێوێنن، چونکە پاراستنی خاوێنی و سیمای شارستانیی سلێمانی، ئەرکێکی نیشتمانی و هاوبەشی نێوان لایەنە بەرپرسەکان و هاوڵاتییانە”.