وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایدەگەیەنێت، عەباس عەراقچی بانگهێشتی شاری نیویۆرک کرا بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوە بانگهێشتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک کراوە، سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەست بە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
ڕاشیگەیاند، بانگهێشتنامەکە لەکاتێکدایە، کە چین پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مانگی ئایار دەگرێتە ئەستۆ و بڕیارە کۆبوونەوەکە لە 26ـی ئەم مانگەدا ئەنجامبدرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، “بەشداریی عەراقچی لە کۆبوونەوەکەدا هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە بەهۆی ئەوەی سەرقاڵە، بڕیاری کۆتاییش سەبارەت بە ئەگەری سەردانەکەی بۆ نیویۆرک، دواتر دەدرێت”.