بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی ئێستا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەغداد زیاتر لە 90 ملیار دیناری لە پارەی مووچە بڕیوە

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 90 ملیار دینار لە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بڕدراوە.

لەگەڵ تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر ساڵی 2026ـدا، کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ڕەهەندێکی نوێیان گرتووەتەبەر؛ بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی ئێستا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە وەزارەتی دارایی عێراق بڕی زیاتر لە 90 ملیار دیناری لە کۆی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنان لە دابەشکردنی مووچەدا.

بەپێی ئەو داتایانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە دەستکەوتوون، بڕی ئەو پارەیەی مانگانە کەم نێردراوە، بەم شێوەیە بووە:

مانگی یەک (کانوونی دووەم): 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دینار

مانگی دوو (شوبات): 16 ملیار و 107 ملیۆن و 881 هەزار دینار

مانگی سێ (ئادار): 21 ملیار و 407 ملیۆن و 595 هەزار دینار

مانگی چوار (نیسان): 16 ملیار و 624 ملیۆن و 814 هەزار و 478 دینار

کۆی گشتی: 90 ملیار و 501 ملیۆن و 154 هەزار  478 دینار

لەم ململانێیەدا، هەردوو وەزارەتی دارایی لە بەغداد و هەولێر، دوو هۆکاری جیاواز بۆ ئەم بڕینە دەخەنەڕوو:

ڕوانگەی بەغداد

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە ئەم بڕە پارەیە بە مەبەست کەمکراوەتەوە، چونکە لە کاتی وردبینیکردنی لیستەکانی مووچەدا، ناوی “وەهمی” یان “بندیوار” دەرکەوتوون، کە بەپێی یاسا نابێت مووچەیان بۆ خەرجبکرێت.

بەغداد جەختدەکاتەوە کە تەنیا پارە بۆ ئەو مووچەخۆرانە دەنێرێت، کە بوونی فیزیکی و یاساییان لە دامەزراوە ڕەسمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ڕوانگەی هەولێر

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕە پارە بڕدراوە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوی وەهمییەوە نییە، بەڵکو ئەوە شایستەی دارایی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە، کە بەغداد ناردنی دواخستووە یان کورتهێنانی تێدا دروستکردووە.

دەشڵێت، ئەمە سیاسەتێکە کە ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات و گرفت و بیانوو بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستدەکات.

لێکەوتەکانی ئەم ململانێیە لەسەر مووچەخۆران

ئەم کورتهێنانە کە بڕەکەی گەیشتووەتە سەروو 90 ملیار دینار، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەزێنەی گشتیی هەرێمی کوردستان؛ وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم باسی دەکات، ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا، پەنا بۆ داهاتی ناوخۆ ببات بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە، یان لە هەندێک حاڵەتدا، دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە وەزارەتەکان دوابکەوێت.

لەکاتێکدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی جێگیربوونی مووچەکانیانن بەبێ کێشە، بەڵام بەردەوامیی ئەم جیاوازییە لە نێوان داتاکانی هەولێر و بەغداد، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا متمانەی تەواوی دارایی لە نێوان هەردوولادا دروست نەبووە، ئەمەش جارێکی دیکە بژێویی ژیانی مووچەخۆران دەخاتە ناوجەرگەی ململانێ سیاسییەکانەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share