کەشناسێک ئاشکرایدەکات، بەهۆی هاتنە بەرزەپاڵەپەستۆیەک، سبەینێ پلەی گەرما لە گەرمیان دەگاتەوە 40 پلەی سیلیزی.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی لاوازبوونی کاریگەریی بەرزەپاڵەپەستۆ لەسەر کەش و بەرگەهەوای ناوچەکانمان و چالاکبوونی نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای سوورەوە، سبەی یەکشەممە، پلەی گەرما بەرزبوونەوەیەکی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت و لە ڕۆژی دووشەممەوە، کاریگەریی ئەو بارستەهەوا گەرمە زیاتر هەڵدەکشێت و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما بۆ سەروو 30 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، هەروەها لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیانیش پلەی گەرما نزیکدەبێتەوە لە 40 پلەی سیلیزی و کەشی هاوینە دەستپێدەکات.
وتیشی، بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد بۆ چینە بەرزەکانی بەرگەهەوا، ئەگەر هەیە لە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە، حاڵەتێکی ناجێگیریی کەش بە لاوازی لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا دروستببێت و لە ئەنجامدا لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا ئەگەر هەیە هەورەبروسکەی بنکە بەرزی وشک، لە ئاسمانی ناوچەکەدا چالاکببێت و لە هەندێک شوێنیشدا نمەبارانێکی کەم ببارێت بەڵام زیاتر هەورەبروسکەکان وشک ئەبن و بارانبارینیان لەگەڵ نابێت.