وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە لەبارەی دەستپێکی پرۆسەی حەج و قەرەبووکردنەوەی حاجییان زانیاری دەخاتەڕوو.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سەرەتا لەبەر بەرژەوەندی و سەلامەتیی حاجییان، بڕیارماندا گەشتی حەج بە ڕێگەی ئاسمانی ئەنجامبدرێت، بەڵام دواتر هاوشێوەی عێراق بڕیاردرا گەشتەکە بە ڕێگەی وشکانی بێت.
لەبارەی چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی حاجییان، کاروان ستونی وتی، گرێبەستەکان حکومەتی عێراق ئەنجامیداون، لیژنەیەک خەمڵاندن بۆ قەرەبووکردنەوە دەکات و هەرچەندێک دانرا دەگەیەندرێتەوە دەست حاجییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا لە سەروبەندی ئامادەکاریین بۆ گەشتی حەج و لە ڕۆژی 6ی ئایار یەکەم گەشت دەستپێدەکات، پرۆسەی قەرەبووکردنەوە دەکەوێتە دوای پرۆسەی حەج.
باسی لەوەشکرد، ساڵی ڕابردووش حاجییان قەرەبووکرانەوە و هەر حاجییەک بڕی 800 هەزار دیناری بۆ گەڕێندرایەوە.
لەبارەی ژمارەی حاجییان بۆ ئەمساڵ، کاروان ستونی ڕایگەیاند، پێنج هەزار و 120 کەس لە تەواوی هەرێمی کوردستان گەشتی حەج ئەنجامدەدات.