ڕۆژنامەنووس یادگار عەلی وتارێکی لەژێر ناونیشانی (پارتی و مەسەلەی پێدانی پارێزگاری کەرکوک بە تورکمان) نووسیوە و تیایدا هاتووە، پارتی لە هەرێمی کوردستان سکرتێری پەرلەمان، وەزیر، وەزارەت، دەستە و کۆمەڵێک پۆستی گەورە گەورەی بە پێکهاتەی تورکمان داوە و دەدات، خێرە ئێستا نیگەرانە لەوەی هەمان پێکهاتە بۆ ماوەی ساڵێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت؟!
لە درێژەی وتارەکەدا هاتووە، دەبێت پارتی دوایین کەس بێت باس لە مەترسی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە عەرەب و تورکمانەکان بکات، ئەو حزبە لە ماوەی ڕابردوودا بە چەندین ڕێگە کاری کرد پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ عەرەب و تورکمانەکان بێت، لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئامادەنەبوون لەگەڵ یەکێتی و حزبە کوردییەکان هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردن پێکبهێنن، دەنگێکی زۆری کورد بەفیڕۆچوو و زۆرینەیان لە کورد وەرگرتەوە، لە پاش هەڵبژاردنیش دیسان پارتی خۆی جیاکردەوە و لەپێناو ئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی [کورد] نەبێت، لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان یەکیگرت و هاوهەڵوێست بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پارتی زۆرجار سیاسەت بە عینادییەکی زۆرەوە دەکات، جیاوازی لەنێوان بارودۆخی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناکات، لەپاش ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی دواتریش، بە دوای تۆڵە لە یەکێتی بوو، بۆئەوەش دەرکردنی یەکێتی لە هاوکێشەی سیاسیی و بەڕێوەبردنی کەرکوک تاڕادەیەکی زۆر بوو بە ستراتیژ لەلای پارتی، خۆی بە تەنها نەیدەتوانی پۆستەکە بباتەوە، هاوپەیمانی و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان کرد بۆئەوەی بە هاوبەشی پۆستی پارێزگار لەگەڵ ئەوان بەشبکات، ئەوەی پارتی دەیکرد پاش شەش ساڵ لە دەسەڵاتی ڕاکان جبوری شۆڤێنی بەرامبەر بە کورد لە کەرکوک و دەرکردنیان لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ئیدارەی شارەکەیان بوو.
باسی لەوەشکردووە، یەکێتی زۆرباش تێگەیشت، هەموو هەوڵێکی بەگەڕخست و خۆی بۆ هەموو سیناریۆکان ئامادەکرد، پاش بێئومێد بوون لە پارتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد، ئەنجامی هەڵبژاردن دەریخست هیچ لایەک ناتوانێت بە تەنها پارێزگار بباتەوە، سیناریۆی یەکەمی یەکێتی -بردنەوەی پۆستی پارێزگار بەتەنها- سەرنەکەوت، یەکێتی دەستی بۆ سیناریۆی دووەمی خۆی برد و هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە لە پێکهاتەکان کرد و سەرئەنجام مێزەکەی بەسەر پارتی تەنانەت بەسەر ئەوانی دیکەش هەڵگێڕایەوە و دوو ساڵی یەکەمی پۆستی پارێزگاری شارەکەی بۆ کورد مسۆگەر کرد، بەکورتی ئەوەی پارتی دەیویست بیکات و کورسی پارێزگار بۆ ماوەی ساڵێک لەلای کورد بێت، یەکێتی کردی و پۆستی شارەکەی بۆ دوو ساڵ و سێ مانگ بۆ کورد بەدەستهێنا.
دەشڵێت، ئێستا ئەوان هاتوون و دەڵێن یەکێتی دەستاودەستی پۆستەکە لەگەڵ پێکهاتەکانی دەکات و بە جێگەی نەنگی و مەترسیی پیشانی دەدەن، کەواتە بۆچی ئەگەر بەرنامەکە بۆ ئەوان بڕۆشتایە سەر و ساڵێک پۆستەکەیان لەلابووایە کوردایەتیی و بێ مەترسیی دەبوو، بەڵام بۆ هەمان بابەت تەنانەت ئەگەر زیاد لە دوو ساڵ پۆستەکە لەلای یەکێتی بێت خیانەت و پڕمەترسییە؟ ئەوەی پارتی لەبارەی مەترسی پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە تورکمان و عەرەبەکان دەیکات بۆ کورد و کوردایەتیی نییە، بەڵکو شینی دوو شتی دیکەیە، یەکەمیان, سەرنەگرتنی سینایۆکەیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ پێکهاتەکان و بەئامانجی دوورخستنەوەی یەکێتی، دووەمیان، بردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لەلایەن یەکێتی بەبێ سازان و چەمینەوە بۆ ئەوان، پێداگری یەکێتی لە مەسەلەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش با لەولاوە هەر بوەستێت.
نووسیویشیەتی، پارتی ئەگەر بەرژەوەندی کورد و کەرکوکی بویستایە، بەڕێوەبردنی شارەکە لەلایەن عەرەب و تورکمان بە مەترسی دەزانێت، دەبوو ئەوکات سیاسەتی بە عینادی نەکردایە و لەبری عەرەب و تورکمانەکان هاوپەیمانیی و لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کورد [یەکێتی] بکردایە، تاوەکو بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلای کورد بووایە، نەوەک پاش دەرچوونی دەستی لە هەمانەکە، بێت و مەتەڵی مەترسی لەسەر ئاییندەی کەرکوک و دروستکردنی دوژمنی وەهمی بۆ کورد بە قەولی ئەوان ‘بەهۆی سیاسەتی یەکێتی’ بە کورد بفرۆشێتەوە. تورکمان و عەرەبە ڕەسەنەکان پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کەرکوکن و لە هەڵبژاردن دەنگ و متمانەی خەڵکی شارەکەیان بەدەستهێناوە، مافی ئەوەیان هەیە بەپێی ڕێککەوتنی سیاسیی بە قەبارەی خۆیان ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی کەرکوک هەبێت.
لە کۆتایشدا دەڵێت، پارتی لە هەرێمی کوردستان سکرتێری پەرلەمان، وەزیر، وەزارەت، دەستە و کۆمەڵێک پۆستی گەورە گەورەی بە پێکهاتەی تورکمان داوە و دەدات، خێرە ئێستا نیگەرانە لەوەی هەمان پێکهاتە بۆ ماوەی ساڵێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت؟!