شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، بەهۆی هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی گەرمەوە، پلەی گەرمی بەرێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی ئاشکرایکرد، کاریگەریی تۆپەڵە هەوایەکی تا رادەیەک گەرم، کە لە باکووری ئەفریقاوە روویکردووەتەوە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی داهاتوودا کاریگەریی زیاتر دەبێت و بەوهۆیەوە پلەی گەرمی بەراورد بە رۆژانی رابردوو، 2 تا 4 پلەی سیلیزی روو لە بەرزبوونەوە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم تەوژمە هەوا تا رادەیەک گەرمە، تاوەکو هەفتەیەکی دیکە یان زیاتر دەمێنێتەوە، لە سەرجەم ناوچەکان پلەی گەرمی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و دەگاتە سەرووی ئاستی ئاسایی، ئەمەش وادەکات کەشێکی کاتی بەهاری لە تەواوی ناوچەکان دروستببێت.
وتیشی، ئەوانەی پلانی گەشت یان ئیشیان هەیە، دەتوانن لە رۆژانی داهاتوو ئەنجامیبدەن و ئێستا کاتەکەی گونجاوە.