گوڵاڵە سدیق: بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی شمشێرێکی دووسەرەیە بۆ گیرفانی هاوڵاتی

گوڵاڵە سدیق، شارەزای بواری دارایی و بانک رایدەگەیەنێت، بڕیاری زیادکردنی باج لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەکەکان دەبێت و هاوڵاتییان باجەکەی دەدەن، نەک حکومەت و بازرگانەکان.

حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی پێناسی گومرگی لە %5 بۆ %30 لەسەر ئەو کەلوپەلانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی خۆراکەوە نییە، برنجیش وەک یەکێک لە خواردنە بنەڕەتییەکان ئەو باجە دەیگرێتەوە و گومرگکردنی ئەو بەرهەمە سەرەکییە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.

لەوبارەیەوە گوڵاڵە سدیق، شارەزای بواری دارایی و بانک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی و خستنەگەڕی سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی لەسەر زیادبوونی نرخی شتومەکەکان دەبێت، چونکە پێشتر ئەو کاڵا و شتومەکانەی هاتوونەتە ناو عێراق، وەرگرتنی گومرگەکانیان بەشێوەی دەستی بووە، هەندێک لەو گومرگە بۆ بازرگانەکە کەمدەکرایەوە یاخود لێی وەرنەدەگیرا، هەروەها بڕی گومرگەکە پێشتر کەمتر بووە.

زیاتر وتی، لە ئێستادا کە بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی دراوە، زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتییان دەبن، چونکە بازرگانان لەکاتی ساخکردنەوەی کاڵاکانیان، ئەو گومرگە زیادەیەی کە دەیدەن بۆ شتومەکەکانیان لە هاوڵاتییانی وەردەگرنەوە لە رێگەی زیادکردنی نرخەکانەوە.

لەلایەکی دیکەوە، گوڵاڵە سدیق باسی لەوەکرد، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر ئەو کەلوپەلانە نابێت کە لەناو بازاڕەکان هەن، بەڵام لەگەڵ هاتنەناوەوەی هەر بارێکی نوێ، راستەوخۆ نرخی شتومەکەکان بەرزدەبنەوە.

بڕیارەکە لە ساڵی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە گومرگەکانی عێراق کاری پێدەکرێت.

تا ئێستا دیار نییە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر باری ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ زیادکردنی پێناسی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە یاخود نا؛ لەوبارەیەوە نەوازد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی پێشتر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، تا ئێستا هەرێمی کوردستان بە پێناسە گومرگییەکەی خۆی کاردەکات و نەچووەتە ژێرباری ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.

بڕیاری زیادکردنی پێناسی گومرگی، ترسی لەلای هاوڵاتییان و پیشەوەران دروستکردووە، هاوڵاتییان لە بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و شتومەکەکان دەترسن، پیشەوەرانیش لەوەی کە نەتوانن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوە. گوڵاڵە سدیق لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق وەک شمشێرێکی دووسەرە وایە بۆ گیرفانی هاوڵاتییان.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share