وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتنی پارەی مووچەی مانگی کانوونی دووەم رادەگەیەنێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێککەوتی 10 ی شوباتی 2026، بڕی 931 ملیار و 257 ملیۆن دینار، وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەی ماوەی چەند ساڵێکە حکومەتی فیدراڵ لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەویدەکات و ئەو کێشە، گرفت و بیانوانەی مانگانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروستیدەکات، بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ بڕی 36 ملیار و 360 ملیۆن و 864 هەزار دیناری لە کۆی تەمویلی مووچە نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی چەند مانگی رابردووی زیاتر لە هەشت هەزار خانەنشینیی سەربازی و شارستانی کە لە ساڵی رابردوودا خانەنشینکراون و دوای پەسەندکردن و تەواوکردنی دۆسیەکانیان لە مانگی کانوونی دووەم داخڵی لیستی مووچە کراونەتەوە.
روونیشیکردەوە، واتە ئەو خانەنشینانەی کە لە مانگی یەک داخڵی لیستی مووچە کرابوونەوە و پێویست بوو چەند مووچەیەک پێکەوە وەرگرن، لە بەغدادەوە تەنیا یەک مووچەیان بۆ هاتووە کە مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵە، لەو بارەیەوە تیمەکانمان لەسەر هێڵن، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و خەرجکردنەوەی ئەو شایستانە لە نزیکترین کاتدا.