وتەبێژی یەکێتی لە بەغداد لەگەڵ نوێنەری زۆربەی کەناڵ پێگە کوردی و عەرەبییەکانی عێراق کۆبووەوە

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کەناڵە کوردی و عێراقییەکان کۆبووەوە ستایشی یەکگرتوویی و پێکەوە کاردنیانی کرد.

کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بەغدادی پایتەخت، لە چەند کۆبوونەوەیەکی جیاوازدا، کە دانا ئەسعەد بەرپرسی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد ئامادەیبوو، لەگەڵ نوێنەری زۆربەی کەناڵ و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق، هەروەها ئەو کەناڵ، رۆژنامە و ئاژانسە جیهانییانەی نووسینگەیان لە عێراق هەیە، ژمارەیەک چالاکوان، نووسەر، چاودێری سیاسی و توێژەری سیاسیش ئامادەییان هەبوو، بەرچاو روونیکردن لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێم و بەغداد.

وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختیکردەوە، کە پۆستی سەرۆککۆمار، بۆ پاراستنی یەکڕیزیی و بەدیهێنانی مافە دەستوورییەکان لە رێگەی دەستوورەوە بە مافی یەکێتی دەزانن، چونکە یەکێتی هێزێکی کاریگەرە لە بەغداد.

کاروان گەزنەیی ئاماژەی بەوەشکرد، پۆستی سەرۆککۆمار و رۆڵی یەکێتی لە بەغدا، بەشێکن لە میراتی نیشتمانیی سەرۆک مام جەلال، میراتێک کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی، هاوبەشبوون و چارەسەری سیاسیی دروستبوون، ئامادەیی سەرۆک بافڵیش لە بەغدا و بەردەوامیی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق بەهەموو پێکهاتەکانەوە، نیشانەی پابەندبوونی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە ئەو رێبازە نیشتمانی و سیاسییەی کە مام جەلال دایمەزراندووە.

لەبارەی پرسی رۆژئاوای کوردستان، وتەبێژی یەکێتی جەختی لەسەر گرنگیی پێویستیی پێشخستنی ئەم پرسە لەناو راگەیاندنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، بە تایبەتی لە کەناڵە عەرەبییەکاندا، وەک پرسێکی مرۆیی پێش هەموو شتێک، بۆ ئەوەی رای گشتیی ناوچەکە و جیهان بە روونی ئاگاداربکرێن لە دۆخی مرۆیی رۆژئاوای کوردستان.

هاوکات لەکۆبوونەوەیەکی تردا، لەگەڵ راگەیاندنکارانی کورد و نوێنەری کەناڵە کوردییەکان لە بەغداد، ستایشی یەکگرتووی کارکردنیان بەو رۆحیەتە نیشتمانییەی کە هەیانە کرد و داوایکرد، لەسەر ئەو شێوازە نیشتمانییە بەردەوامبن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share