لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی باشترین هاندەر لەلایەن یانەی زاخۆوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەم هەستە یەکدەنگییەی لەناو کورددا هەیە هیوادارین بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش.
ئەمڕۆ سێشەممە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیامێکدا رایگەیاند، بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی لە یانەی زاخۆ و هاندەران و دانیشتووانی زاخۆ و هەموو کوردستان دەکەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو، گەلی کورد کەوا بەو هەموو ستەم و سەرکوت و ئازارەی بەسەریدا هاتووە، هەر زیندووە و هەر بەرەوپێش دەچێت، بەرهەمی ئەو هاوسۆزی و یەکدڵییەی خەڵکە، لەم ماوەیەدا هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەک چۆن لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون.
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا جەختییکردەوە، ئەم هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کورددا هەیە، هیوادارین بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت.